بارزانی بۆ ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی: گشتپرسی دواناخرێت

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەی ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای کرد گشتپرسی “بۆ ماوەیەك دوابخرێت”. لە وەڵامدا بارزانی پێی گوتووە “متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری گشتپرسی داوە و گشتپرسیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەدرێت”.

ئێوارەی رۆژی شەممە 9-9-2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێشوازی لە ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە لە تێكشكاندنی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی موسڵی لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان كرد. 

ئەحمەد ئەبو غەیت پێزانینی هەبوو بۆ پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە، “هەرێمی كوردستان بۆ كۆمكاری عەرەبی جێگەی بایەخە و كۆمكاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی كوردستانە”.

ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی وەڵامی بارزانی بۆ نامەكەی، هاتووە لە نزیكەوە لەبارەی كێشەكان و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بارزانی بدوێت. 

ئەحمەد ئەبو غەیت ئەوەشی خستەڕوو، كە بەو ئەنجامە گەییشتووە، كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێت و هەروەها دەرفەتێك بە هەرێمی كوردستان و عێراق بدرێتەوە كە بەیەكەوە بژیێنەوە. نیگەرانیەكانیشی بە بارزانی راگەیاند لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە گشتپرسی بۆ ماوەیەك دوابخرێت و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا بكرێت”.

لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە رەهەندە جۆراوجۆرەكانی شەڕی داعش رایگەیاند “سەرباری نەبوونی چەك و دۆخی نالەباری ئابووری پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەوە بۆ گەلی كوردستان مایەی شانازییە”. 

بارزانی باسی هەڕەشەكانی تیرۆری كرد لەسەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بكرێت.

لەبارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، بارزانی ئەوەی بە ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی راگەیاندووە “گشتپرسی بڕیارێكی تاكەكەسێك نییە كە بە ئاسانی دوابخرێت بەڵكو بڕیاری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستانە”. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەدا، كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە، لەو مێژووە هاوبەشەدا شەراكەت جێبەجێنەكرا و تەوافوق و دەستوور و رێككەوتنەكانیش پێشێلكران”.

بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە “بەپێی ئەزموونە شكستخواردووەكان لە قۆناخی جۆراوجۆر و جێبەجێنەبوونی شەراكەت و پێشێلكاریی دەستوور و رێككەوتنەكان، متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری گشتپرسی داوە و، گشتپرسیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەردرێت و گەلی كوردستان بە ئامرازی ئاشتییانە و دانوستاندن مافەكانی خۆی مسۆگەر دەكات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com