نوچەنێت
پەرلەمانتارێكی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بەپێی دەستوری بزووتنەوەی گۆڕان برزۆ مەجید، بە ناشەرعی دادەنێم لە سەرۆكی فراكسیۆنەكە و دەشڵێت “جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سەرۆكی فراكسیۆنەكەی بەسەردا سەپاندوون”.
عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان، بە (رادیۆی نەوا)ی راگەیاندووە “بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان برزۆ مەجید بە ناشەرعی دادەنێم لە سەرۆكی فراكسیۆنەكە، چونكە سەرۆكی فراكسیۆن دەبێت ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بێت، بەڵام ئەو ئەندامی جڤاتەكە نییە، ناكۆكی و پشتیوانییەكەش ئەوەیە كە سەرۆكی ژووری پەرلەمان و حكومەت كە جەلال جەوهەرە سەپاندویەتی بەسەرماندا، منیش و هەندێك لە برادەرانمان قبوڵمان نەكرد، بەڵام بەداخەوە هەندێكجار بێدەنگی دەبێتە (بەڵێ)”.
هەروەها ئاشکراشیکرد و گوتی”ئێمە یەكەمجار رابون مەعروفمان هەڵبژارد وەك سەرۆكی فراكسیۆن و بەبێ هەڵبژاردن ئەویان لابردو بەبێ هەڵبژاردنیش برزۆ مەجیدیان سەپاند ئەمە هۆكاری ناكۆكی نێوانمانەو هیچ ناكۆكییەكی شەخسیمان لەنێواندا نییە”.
عومەر عینایەت لەبارەی لێدوانەكانیشییەوە وەك لە راگەیەنراوەكەی فراكسیۆنەكەی، كە رایگەیاندبوو، لێدوانەكانی گوزارشت لە بیروبۆچونی خۆی دەكات و ناڕاستن دەڵێت “من وەك سەرۆكی لیژنەی گەشتوگوزار و پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان قسە دەكەم، نەك بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان قسەم كردبێت، قەدەغەكردنی دید و بۆچوون و حەرام كردن لەناو گۆڕاندا كاری نەكردەیە”.