پەرلەمانتارێک: پڕۆژە حەوت خاڵیەکەی یەکێتی دواپەیامە بۆ لایەنەکان

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی یەکێتی رایدەگەیەنێت، یەکێتی بڕیاری خۆی داوە و پڕۆژە حەوت خاڵیەکەش دوا پەیامیەتی بۆ لایەنەکان و دەشڵێت “لە کۆبوونەوەکانی داهاتوومان لەگەڵ پارتی تاوتوێی پڕۆژە حەوت خاڵیەکە دەکەین”.

یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان، هه‌وڵه‌كانی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێش ئه‌نجامدانی گشتپرسی خستۆته‌گه‌ڕ، بۆئەو مەبەستەش پڕۆژەیەکی حەوت خاڵی ئامادەکردووە، کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییەوە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەردرا بۆئەوەی لەگەڵ حزبەکانی تر دانوستاند بکرێت، کە رەنگە دوا پەیامی یەکێتی بێت، دوێنی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبووەوە‌ و ئەمڕۆش لەگەڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بڕیاریشە لەگەڵ پارتی کۆببێتەوە.     

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مه‌سیفى، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیتشتمانی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پڕۆژە حەوت خاڵیەکەیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: یەکێتی بڕیاری خۆی داوە و پڕۆژە حەوت خاڵیەکەش دوا پەیامیەتی بۆ لایەنەکان، کۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژەکەیان بە ئەرێنی وەرگرتووە و بزووتنەوەی گۆڕان-یش، دژایەتی خۆیان بۆ پڕۆژەکە رانەگەیاندووە.

سەعید مه‌سیفى، لەباری دانوستانی پێشوەختە لەگەڵ پارتی لە سەر پڕۆژەکەیان دەڵێت “پێشتر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی ئەم پڕۆژەیەمان نەکردووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی داهاتوومان لەگەڵ پارتی، کە بڕیارە سبەی و دوو سبەی بکرێت، تاوتوێی پڕۆژە حەوت خاڵیەکە دەکەین و ئەوکاتە ئامانجی یەکێتی روون دەبێتەوە”.

ناوبراوە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی لەسەر خاڵەکانی پڕۆژەکە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری خۆی دەدات و گوتیشی “ئەگەر لەسەر ئەو خاڵانە تەوافوق بکەین پێکەوە، بەدڵنیاییەوە لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا یە و دەبێتە ئارام کردنەوەی بارودۆخەکە”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوەشکرد، دوای دوو ساڵ ململانێ و ناکۆکی لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، لەگەڵ یەکتری ئەو ئەزموونەی، کە ئێستا هەیە ناشیرینترمانکردووە، بۆیە پێویستە لەم کاتەی ئێستادا، کە بارودۆخێکی باش هاتووەتە پێشەوە یەکدەنگ بین، چونکە دوژمنانی کوردستان لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانمان یەکدەنگن لە دژمان.   

پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ حه‌وت خاڵ پێكهاتووە بریتییه‌ له:‌

یەکەم: ئاساییکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان.

دووەم: پاشەکەوتى موچە لە ڕێى پەسەندکردنى پڕۆژە یاسایەکى تایبەت لاببرێت و گرەنتى دانەوەى موچە پاشەکەوتکراوەکانى موچەخۆران بکرێت.

سێیەم: متمانە بەخشین بە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى سندوقى داهاتە نەوتى و گازییەکان.

چوارەم: هەموارى یاساى هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنى مافى دەنگدانى دانیشتوانى ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.

پێنجەم: پەسەندکردنى یاساى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى.

شەشەم: لیژنەى ئامادەکردنى ڕەشنووسى دەستور بۆ ڕاپرسى متمانەى پێ ببەخشرێتەوە بۆ ئامادەکردنى دەستورى دەوڵەتى کوردستان.

حەوتەم: هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com