بزووتنەوەی گۆڕان داوای پێکهێنانی مەتبەخێکی سیاسی بۆ پێنج حزبەکە دەکات

0

نوچەنێت

ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەگەر پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسا، چاودێریکردنی حکومەت و پەسەندکردنی بودجە کارادەکرێتەوە، ئەوان لەگەڵیدان و بەدوای بیانوودا ناگەڕێن. دەشڵێت “داوای مەتبەخێکی سیاسیمان کردووە بەجۆرێک هەر پێنج حزبەکەی تێدا بەشداربن، بۆئەوەی هەموومان لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و بەرقەرارکردنی دیموکراسی راستەقینە هەنگاوبنێین”.

گوڵستان سەعید، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، پەراوێزی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند “ئەو خاڵە ناکۆکەی لەگەڵ شاندی یەکێتی هەمانە میکانیزمی چۆنییەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە. بە گرنگی دەزانین هەر پێنج حزبە گەورەکەی کوردستان کۆکبن لەسەر ئەوەی بە چ میکانیزمێک پەرلەمانی کوردستان کارادەکرێتەوە”.

هەڵسوڕاوەکەی گۆڕان، کە لە کۆبوونەوەی حزبەکەی و یەکێتی بەشداربوو گوتی “پەرلەمان سێ ئەرکی گرنگی هەیە: دەرکردنی یاسا، چاودێریکردنی حکومەت و پەسەندکردنی بودجە. ئەگەر بە کردەوە بۆ ئەم سێ خاڵە کارادەکرێتەوە، ئێمە لەگەڵیداین. ئێمە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەدوای سیستەمێکی پەرلەمانیدا دەگەڕێین. ئەگەر پەرلەمان کارا نەبێت سیستەمە پەرلەمانییەکە لەکوێ دێت”.

هەروەها دەڵێت “داوای مەتبەخێکی سیاسیمان کردووە، بەجۆرێک هەر پێنج حزبە کوردستانییەکەی تێدا بەشداربن، بۆئەوەی هەموو حزبە کوردستانییەکان لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و بەرقەرارکردنی دیموکراسی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوبنێن.”

لەبارەی کۆبوونەی شاندێکی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان گوڵستان سەعید گوتی “شاندی یەکێتی پڕۆژەیەکیان هێناوە، کە گوزارشت لە رای ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان دەکات. لە پرۆژەکەدا خاڵی هاوبەشمان زۆرە. ئەو خاڵە هاوبەشانەش خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و خەڵکی کوردستان دەکەن.”

گوڵستان سەعید گوتیشی: “پشتیوانی لە پڕۆژەکەی ئەوان دەکەین، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرفتە هیچ میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان دیارینەکراوە. وەک بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت بۆ جڤاتی نیشتمانی بگەڕێینەوە، تاوەکو بزانین چ میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی پڕۆژەی یەکێتی بگرینەبەر”.

لەبارەی نێوەڕۆکی خاڵەکان گوڵستان سەعید گوتی: “گفتوگۆ لەبارەی پاشەکەوتی مووچە و بژێوی خەڵک، بودجە، کاراکردنەوەی پەرلەمان، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سندوقی داهاتە نەوتییەکان و دروستکردنی ئەنجوومەنێک بۆ داهاتی نەوت کراوە”.

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاماژەی بەوەشدا پاشەکەوتی مووچە بە یاسا رێکنەخراوە و بڕیارەکە تەنیا لە ئەنجوومەنی وەزیران دراوە. دەبێت لە پەرلەمانی کوردستان یاسای بۆ دەربچێت، لەبەرئەوەی پەرلەمان شکستی خواردووە یاسای نییە. ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەی شاندی یەکێتی پێشنیازیان کردووە و ئێمەش لەگەڵیداین.”

لەبارەی گشتپرسی گوڵستان سەعید رایگەیاند “گشتپرسی بەهۆی ئەوەی پرسێکی نیشتمانییە، بۆیە دەبێت لە دەزگایەکی نیشتمانییەوە بڕیاری لێبدرێت و یاسای بۆ دەربچێت، کە ئەویش پەرلەمانی کوردستانە”.

لەبارەی جیاوازی خاڵەکانی ئەوان و یەکێتی گوڵستان سەعید گوتی “ئەو خاڵانەی لە راگەیێندراوی دوایین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا هاتوون، چوار لەو خاڵانە لە خاڵەکانی یەکێتیدا هاتوون، ئەوە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان دەزانم، چونکە ئەوە خواستی خەڵکە و کاتێک خواستی خەڵک بەدیبێت، ئێمە بەدوای بیانوودا ناگەڕێین بۆ ئەوەی پەرلەمان کارانەبێت و پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان سەقامگیر نەبێت و ئاشتی بەرقەرار نەبێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com