نوچەنێت
ئەمڕۆ هەینی 8-9-2017، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوا پەیامی خۆی سەبارەت بە رەوشی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و گشتپرسی دەداتە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی لە پەیامەکەیدا، کە حەوت خاڵی لەخۆگرتووە، باسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێکی لەگەڵدا نووسیبێت.
1. ئاساییكردنەوە و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
2. لەپێناو بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان مووچەی پلەباڵاكان و مووچە كەمەكاندا، پێویستە پاشەكەوتكردنی مووچە لەڕێگەی پەسندكردنی پرۆژەیاسایەكی تایبەت لاببرێت و گەرەنتی دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مووچەخۆران بكرێت.
3. متمانەبەخشین بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سندوقی داهاتە نەوتی و غازییەكان.
4. هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەستەبەركردنی مافی دەنگدانی دانیشتووانی ناوچە دابڕێندراوەكان، بۆئەوەی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان.
5. پەسندكردنی یاسای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.
6. لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ راپرسی، متمانەی پێببەخشرێتەوە بۆ ئامادەكردنی دەستووری دەوڵەتی كوردستان.
7. هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ژمارە (1)ی ساڵی (2005).