نوچەنێت
ئەفسەرێکی هێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، شەش چەکداری داعش لە گوندی خەرائیج لە باکووری تەلەعفەر، دەکەونە بۆسەیەکی پێشمەرگە و هیچیان دەربازیان نەبووە.
رۆژی 31-8-2017 حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەر و تەواوی پارێزگای نەینەوای راگەیاند و گوتی “پێتان رادەگەیێنم، کە تەلەعفەری خۆڕاگر، چووە پاڵ موسڵی رزگارکراو و گەڕایەوە خاکی نیشتمان”.
رائید بەدرخان زێباری، ئەفسەری پێشمەرگە لە لیوای 12ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند “کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو (7-9-2017)، شەش چەکداری داعش کەوتنە بۆسەیەکی پێشمەرگە و دوای رووبەڕووبوونەوە سێ لە چەکدارەکان خۆیان تەقاندەوە و یەکێکیشیان کوژراوە و دوو چەکداری دیکەش بەدیل گیران”.
زێباری لەبارەی زیانەکانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا گوتی “خۆشبەختانە هێزەکانی پێشمەرگە ھیچ زیانێکیان نەبووە و شەڕەکە بەبێ زیان کۆتاییهاتووە”. “لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە ھۆشیاری تەواو ھەیە تاوەکو ھیچ چەکداری داعش نەتوانێت خۆی لە سەنگەرەکان نزیک بکاتەوە”.