نوچەنێت
پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەك لەبارەی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵێک لەشارەکە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەم چالاكییە مەدەنی و سیاسییەی بڕیارە لە یاریگای سلێمانی بەناوی (كەرنەڤاڵی نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم) ئەنجام بدرێت، هیچ مۆڵەتێكی یاسایی وەرنەگرتووە.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای سلێمانیدا، کە رۆژی (7-9-20017) بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدراوە “ماوەیەكە لێرەو لەوێ باس لە ئەنجامدانی كەرنەڤاڵێك بۆ (نەخێر لە ئێستادا) لە یاریگای سلێمانی دەكرێت، ئەم كەرنەڤاڵە لە بەشێك لە راگەیاندنەكاندا وەك كەرناڤاڵی (نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم) و لە شوێنی دیکە بە مەراسیمی كردنەوەی یاریگای سلێمانی ناو دەبرێت”.
پارێزگای سلێمانی لەبارەی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە “بۆ هەرچالاكییەكی مەدەنی و سیاسی پێویستە لە پارێزگای سلێمانی مۆڵەت وەربگیرێت، بەڵام ئەم چالاكییە مەدەنی و سیاسییەی بڕیارە بەناوی (كەرنەڤاڵی نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم) لە یاریگای سلێمانی ئەنجام بدرێت، هیچ مۆڵەتێكی یاسایی وەرنەگرتووە، بۆیە بەرپرسیارێتی هەر كارو كاردانەوە و رووداوێكی نەخوازراو دەكەوێتە ئەستۆی ئامادەكارانی ئەم چالاكییە”.