نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێم رایدەگەیەنێت، نزیک لە 70%ی کارەکان بۆ گشتپرسی تەواو بووە و دەشڵێت “تائێستا 10 قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان تۆمارکردووە”.
25-9-2017 رۆژی ئەنجامدانی گشتپرسییە لەهەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لەعێراق، لەئێستاشدا بانگەشە بۆ ئەو پڕۆسیە دەستیپێکردووە و لە یەکەم رۆژی بانگەشەی گشتپرسیدا ئاڵای کوردستان لە زۆربەی شار و گوند و شارۆچکەکان بەرزکرایەوە، تاوەکو 22ی ئەم مانگە پارت و رێکخراوەکان و خەڵک رێگەپێدراون بانگەشە بکەن و گوزارشت لە رای خۆیان بکەن، بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمسیۆن هەرلایەنێك بۆئەوەی بتوانێت بانگەشە بۆ گشتپرسی بکات دەبێت ناوی خۆی لەکۆمسیۆن تۆمار کردبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بەژداریکردنی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لە گشتپرسی رایگەیاند: تائێستا 10 قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە گشتپرسی. هەروەها داوا لەو لایەنە سیاسیانەش دەکەین، کە تاکو ئێستا بەشداریان نەکردووە و دەیانەوێت بەشداری بکەن، تاکو 18-9-2017، سەرجەم داواکاریەکان و ئەو پێداویستیانەی لە کۆمسیۆن داوایان لێکراوە جێبەجێی بکەن، بۆئەوەی بتوانین پرۆسەی گشتپرسی و هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتووی ئەنجام بدەین.
شێروان زرار، لەبارەی تەواوبوونی کارەکانی کۆمسیۆن و ئامادەکاریەکان بۆگشتپرسی ئاماژە بەوە دەکات، کە نزیک بە 70%ی کارەکان تەواوبووە، کەخۆی دەبێنێتەوە لەراهێنانی فەرمانبەران و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. ئەوەشی، کەماوە بەشێکی تایبەتە بەدامەزراندنی فەرمانبەرانی سەر سندوقەکان، کە ئێستاش سەرقاڵی ئەوەین.
گوتەبێژی کۆمسیۆن سەبارەت بەو کوردانەی لە درەوەی وڵاتن و فۆرمی خۆراکیان نییە دەڵێت “هەر کەسێك فۆڕمی خۆراکی نەبێت ناتوانێت بەشداری گشتپرسی بکات، چونکە داتابەیسەکە لەسەر فۆڕمی خۆراك دانراوە. بۆ چارەسەری ئەو بابەتەش کۆمسیۆن بۆ تۆمارکردنی فۆڕمی نوێی خۆراك، ستافێکی نوێی داناوە، کە چوار ئیمێڵیان لە بەردەستدایە و رۆژانە وەڵامی ئەو خەڵکانە دەدرێتەوە، کە گرفتیان هەیە، بە خۆشحاڵیەوە ئێستا پڕۆسەکە بەشێکی چارەسەر کراوە”.
زرار گوتیشی “ئێستا کە قسە لەسەر بانگەشی هەڵبژاردن دەکرێت بۆ گشتپرسی، داواکارین لەو قەوارە سیاسیانەی، کە بەشدارن لە پڕۆسەکە، هەروەها رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی راگەیاندن و چاودێرانی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، پابەندبن بە رێنماییەکانی کۆمسیۆن، بۆئەوەی توشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە”.