نوچەنێت
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین رایدەگەیەنێت، لە قەڵادزێ باندێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراو و دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاسایشی ناوچەکە، یەکێکیان بریندار دەبێت و گیان لەدەستدەدات.
مقەدەم محەممەد فازڵ، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند “لە هەوڵ و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، هێزەكانمان لە یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی زانیاری و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی پشدەر، توانرا باندێكی بازرگانی كردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكەین”.
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین گوتی “دووان لە تۆمەتبارەكان دەستگیركران و تۆمەتبارێكی دیکەش بەناوی (ر، ع) لە نزیك گۆڕستانی گەورەی قەڵادزێ لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش بریندار دەبێت و لەڕێگەی نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات”.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئاسایشی ناوچەکە “ئەم باندە بڕی زیاتر لە یەك كیلۆگرام ماددە لەجۆری شیشەیان پێبووە، تۆمەتبارەكانیش لەبەردەم دادوەر، دانیانناوە بە تاوەنەكەیانداو بەپێی ماددەی 14ـی ماددە هۆشبەرەکان لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە”.
