نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوك رایدەگەیەنێت، رزگارکردنی قەزای حەویجە بەهەماهەنگی دەبێت لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی هاو پەیمانان و دەشڵێت “رزگار کردنی بەهیچ شێوەیەك کاریگەری نەرێنی نابێت لەسەر پڕۆسەی گشتپرسی”.
قهزای حهویجه دەکەوێتە باشوری كهركوك و لەئێستادا لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدایە و بەهۆی نزیکی لەکەرکوك زۆرجار مەترسی دروستکردووە بۆ کەرکوك، هێزەکانی پێشمهرگه له باكورهوه و هێزه عیراقییهكان و حەشدی شەعبی له باشورهوه جێگیرکراون، بڕیاریشە دوای تەواو کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی تەلەعفەرو دەورووبەری ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی حەویجە دەستپێبکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. کەمال کەرکوکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوك لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە رایگەیاند: بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی، کە کراوە رزگارکردنی حەویجە دەبێت بەهەماهەنگی بێت لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی هاو پەیمانان، بۆئەو مەبەستەش لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوە بۆ چۆنیەتی رزگارکردنی قەزاکە، ئێستا ئەوان خەریکی وردەکاریەکانن.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوك ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئۆپەراسیۆنەکە بە تێکەڵی نابێت و هەرهێزێك لەشوێنی خۆیەوە جوڵە دەکات و گوتیشی “هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، نایەنە ناو کەرکوك و شوێنەکانی باکور، بەڵکو ئەوان ئەوان لەلای خۆیانە و پێشمەرگەش لای خۆیەوە دەبێت”.
د. کەمال کەرکوکی دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان و دەڵێت “رزگارکردنی حەویجە بەهیچ شێوەیەك کاریگەری نەرێنی نابێت لەسەر پڕۆسەی گشتپرسی هەرێمی کوردستان”.
کەرکوکی هیواشیخواست لە رۆژی گشتپرسیدا خەڵکی کوردستان بەدڵێکی خۆشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە بەڵێ بدەن، بۆ رزگارکردنی کوردستان لەو دۆزەخەی، کە سەد ساڵە تێی کەوتووە، هەروەها بۆ دروستبونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فیدڕالی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بەهێز بوونی پڕۆسەی دیموکراسی لەناوچەکەدا.