ریفراندۆم خەونی تورکیا و ئێرانی ئاڵۆز کردووە

0

نوچەنێت-المستقبل

کامیان پیرۆزترن؟ مافی دیاریکردنی چارەنووس یان پاراستنی سنووری وڵاتانی بە بیانووی پێشگرتن بە شەڕ، چ ناوخۆیی بێت چ شەڕ لە گەڵ لایەنێکی دەرەکی بێت؟ ئایا رێککەتونی سایکس –بیکۆ پیرۆزە؟ ئایا بەرژەوەندی زلهێزەکان پیرزۆە؟

عێراقی 25ی سێثتەمبەر هەمان ئەو عێراقە نییە، کە رۆژێکی دواتر دەیبینین. کوردەکانی هەرێمی کوردستان لەم رۆژە بە دڵنیاییەوە دەنگی بە سەربەخۆیی دەدەن. چونکە بڕیاریان داوە هەموو پرسیار و مەترسییەکان نادیدە بگرن و چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن و تەنانەت بە هەر نرخێک بووبێت. هەر چۆنێک بێت کوردەکانی عێراق لە ساڵی 1963، تاکوو ئێستا زیاتر لە کوردی پارچەکانی دیکە  نرخیان داوە.

پرسیار: دوای ریفرواندۆم چی روو دەدات؟

ئایا بەغدا دەستی بەستراوە دەبێت و دەبێ لە گەڵ کوردەکان و سەرکردایەتیەکەی بە ئارامی ماڵئاوایی بکات؟ کۆمەڵێک بابەتی سیاسی و ئابووری لە مێژینە بوونیان هەیە، کە کاریگەرییەکی زۆر و بەربڵاویان نە تەنها لە سەر عێراق، بەڵکوو لە سەر هەموو ناوچەکە هەیە. کەرکووک یەک لەو فاکتەرانەیە، کە بە هۆی پێکهاتەی فرەچەشنی و سامانە نەوتیەکەی جێی مشتومڕە و چارەسەری بەم ئاسانییە نییە، کە بیری لێ دەکەینەوە. مەسعود بارزانی دەڵێت، تا دوا هەناسەکان لە پێناو کەرکوک دەجەنگم. ناکۆکیەکان لە سەر دابەشکردنی سەروەت و سامانی نەوتی کەرکوک گەلێک ئاڵۆزە. چارەنووسی دانیشتوانی کەرکوک بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە چی لێ دێت؟ کێشەیەکی بچووک، کە دەتوانێ کیشەی گەورەتری بەدواوە بیت. چارەنووسی سوننە چی لێ دێت؟ پەیوەندی نێوان خودی کوردەکان و عەرەبە شیعەکان چۆناوچۆن دەبێت؟

بە کورتی دەکرێ بڵێین، عێراقی بەر لە 25 مانگ ئیدی بوونی نامێنێت. پەیوەندییەکان لە عێراقی نوێ لە نێوان کور و سوننە و شیعە، گرنگییەکی زۆری هەیە. چۆن دەکرێ پێش بە روودانی شەڕ بگیردرێت لە هەلومەرجێکدا، کە هەموو کات لە گەڵ پێکهاتنی هاوپەیمانی چاوەڕواننەکرا بەرەوڕووین. هاوپەیمانی دەرەکی و ناوچەیی لە گەڵ سوننە، شیعە و کورد بە چ شێوەیەک دەبێت؟ پرسیاری بێ وڵام زۆرە.

کەیسی کوردستان-عێراق، تەنها پەیوەندی بە خودی عێراقەوە نییە. ئەنجامەکانی ریفراندۆم کار دەکاتە سەر ئێران، تورکیا و سوریا و لە ئێستاوە ئەنجامە بەرایی و نەرێنییەکانی وەدیارکەوتوون. حەسەن روحانی، ماوەیەک بەر لە ئێستا بە رەجەب تەیب ئەردٶغان، کە بڕیارە بەم زووانە سەردانی تاران بکات، گوتووە: ئێران پێیوایە سیاسەتی جوداییخوازانە، زیان بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنێت. جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق، بە مانای یەکگرتوویی جوگرافی و ئەمنی ئێران و تورکیایە. مهاباد ئێستاش لە دڵی کوردەکان بە زیندوویی ماوەتەوە. شەڕ لە کوردستانی تورکیا بۆ ماوەی چەند دەیەیە، کە وەستانی بەخۆوە نەبینیوە و ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە، کە ئێران و تورکیا، چۆناوچۆن بەرەوڕووی کوردستانی سەربەخۆ دەبنەوە. ئایا شەڕی لە دژ رادەگەیێنن؟ کوردەکان لەم دوو وڵاتە ناترسن، بەڵکوو بە پێجەوانەوە بۆ وەها شەرێک ئامادەن.

بێ دەنگی بەرامبەر بە جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق، کوردەکان لە ئێران و تورکیا لە درێژخایەن بەرەو جیابوونەوە هان دەدات.

ئەنجامەکە روون و ئاشکرایە. مافی دیاریکردنی چارەنووس، هەموو ئەو مافانە دەخاتە سەر مێزی دانوستان، کە تاکوو بە دی نەهاتوون. ئێران تەنها لە کوردەکان ناترسێ، بەڵکوو لە بارەی بەلووچەکان، عەرەبەکان و تەنانەت تورکەکانی ئازەربایجان هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات. کێشەکە ئاڵۆزتر لەوەیە، کە بەرپرسیاریەتی هەمووی ئەم دۆخە بخرێتە ئەستۆی کورد لە عێراق. ئێران و تورکیا ئێستا خەریکی هەڵگرتنەوەی بەرهەمێکن، کە پێشتر چاندوویانە. هەر دوو وڵات بە سیاسەتی دژە گەلی و روانگەی قەومی و ئەمنی و مەترسیدار لەم کێشەیە تێوەگلاون و نیگەرانی دواڕۆژی ئەم گٶڕانکاریەن.

ترسی هاوبەشی ئێران و تورکیا بێ گومان دەبێتە هۆی رێککەوتنی نێوانیان. مەترسییەکی هاوبەش لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەم دوو وڵاتە بەڕێووەیە، هەر بۆیە پێویستی هاوپەیمانییەکی قەومی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسیە لە ئارادایە. وەک رێککەوتنێک دەخوازێ هەر دوو لا بەرامبەر بە یەکتر نەرمی بنوێنن، مانەوەی بەشار ئەسەد لە سوریا و دۆخی شیعەکان لە عێراق بۆ ئێران گرنگییەکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە بەرامبەردا، تورکیاش گرنگی دەدات بە داهاتووی تورکمانەکان و پەیوەندی خۆی لە گەڵ سوننەی عێراق، دانوستانێک لە نێوانیاندا روودەدات، چونکە ترس، دەستمایەی سەرەکی ئەم  رێککەوتنەیە. هەموو ئەم رووداوانەش بە زیانی عەرەبەکان و ئایندەیان دەشکێتەوە.

پرسیاری گەورە ئەمەیە: ئایا هەڵوێستی روسیا و ئەمریکا لەم دۆخەدا چییە؟ جارێ ناکرێ باس لە چۆنیەتی کاردانەوەی ئەم دوو وڵاتە بەرامبەر بە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بکرێت، بەڵام ئەوەی دەکرێ لە هەڵویستی ئەم دوو وڵاتە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ناڕوونە و هەڵگری کۆمەڵێک خاڵی شاراوەن، کە زۆر جاریش مەترسیدارن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com