تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، چی له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بێت یه‌كێتی ئه‌و بڕیاره ده‌دات. ده‌شڵێت”تائێستا بڕیارمان نه‌داوه به‌بێ گۆڕان په‌رله‌مان كارابكه‌ینه‌وه”.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 5-9-2017، سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی بزووتنەوەی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان، له شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه، به‌ڵام دوای كۆبوونه‌وه‌كه هیچ راگه‌یه‌ندرا و كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانییان ئه‌نجام نه‌دا. به‌پێی زانیارییەکان، یه‌كێتی و گۆڕان له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نه‌گه‌شتونه‌ته هیچ ئه‌نجامێك بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌كه به‌بێ ئه‌نجام كۆتایی هاتووه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی گۆڕان-یه‌كێتی رایگه‌یاند: تائێستا هیچ زانیارییه‌كی وامان به ده‌ست نه‌گه‌شتووه ده‌رباره‌ی بێ ئه‌نجام بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش نه‌گه‌شتبووینه‌ته رێككه‌وتن، كۆتای دنیا نییه و كۆبوونه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.
خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌موو هه‌وڵی یه‌كێتی له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا بۆ ئه‌وه‌بووه، كه هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان كارابكه‌نه‌وه، هیچ لایه‌نێك په‌راوێز نه‌خرێت. ده‌شڵێت “تائێستا بڕیارمان نه‌داوه به‌بێ گۆڕان په‌رله‌مان كارابكه‌ینه‌وه”.
به‌بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی، گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری نه‌هاتنه‌پێشه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێك بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، چ بڕیارێك له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بێت، یه‌كێتی ئه‌و بڕیاره ده‌دات.