پەرلەمانتارێکی پارتی: دەبێت یەکێتی لەبەرامبەر نەهاتنەپێشەوەی گۆڕان هەڵوێست وەربگرێت  

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، دەبێت یەکێتی هەڵوێست وەربگرێت لەبەرامبەر نەهاتنەپێشەوەی گۆڕان بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان و دەشڵێت “چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ گۆڕان هێشتا بەبنبەست نەگەیشتووە”.

رۆژی یەکشەممە 21-8-2017 کوبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکۆکی سەرەکی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و خەڵکی کوردستان، بە ئومێدی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، سەیری ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان دەکرد، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە بەئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان، بەشێك لەلایەنە سیاسییەکانیش پێیان وایە، چارەسەرکردنی کێشەکانی پارتی و گۆڕان بەبنبەست گەیشووە و پێویستە بیر لەبژاردەی دیکە بکرێتەوە، بۆکاراکردنەی پەرلەمان.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نازم هەرکی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی حزبەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: هێشتا چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ گۆڕان بەبنبەست نەگەیشتووە، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی گۆڕانە و هیوادارین لەو چەقبەستووییەی خۆی بێتەدەرەوە، بۆئەوەی بتوانرێت پەرلەمان کارابکرێتەوە و ئیستقراریەتێکی سیاسی دروستبکرێت. 

نازم هەرکی هیواشیخواست، گۆڕان بەشداری بکات لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و گوتیشی “پارتی ئەوەی لەسەر شانی بوو، کردی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەکان. پێشتر پارتی مەرجی هەبوو، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان مەرجەکانی لابرد، ئێستا گۆڕان مەرجی هەیە بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان، لەوە تێناگەین بۆچی گۆڕان پاشگەز بووەتەوە”.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە پارتی چاوەڕوانی گۆڕان دەکات و دەڵێت “ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشەوە بژاردەی دیکەیان لەبەردەستە بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان”.

هەرکی جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت یەکێتی هەڵوێست وەربگرێت لەبەرامبەر نەهاتنی گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، چونکە ئەو داواکاریانەی یەکێتی لە پارتی هەیبووە و رۆڵی نێوەندگیری گێراوە، هەموویانی جێبەجێیکردووە و هیچ مەرجێکی نەماوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com