تایبه‌ت: نوچه‌نێت
فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی 70ی هێزی پێشمه‌رگه رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاگاداری كۆكردنه‌وه و هێنانی سوپای عێراق نین بۆ ده‌ورووبه‌ری حه‌ویجه و ده‌شڵێت “غه‌یب زان نیم”.
دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری ته‌لعه‌فه‌ر و ده‌ورووبه‌ری له ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌لایه‌ن هێزه عێراقیه‌كانه‌وه، میدیاكان باس له جموجۆڵی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن، به ئاراسته‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌ی پارێزگای كه‌ركوك، به مه‌به‌ستی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی، فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاندووە، له مانگی 9 دا حه‌ویجه‌ش به ته‌واوی كۆنتڕۆڵده‌كه‌ینه‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌باره‌ت به ئاماده‌كاری هێزه عێراقییه‌كان بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه رایگه‌یاند: تا ئێستا ئاگاداری هیچ جموجۆڵ و هێز كۆكردنه‌وه‌یه‌كی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی نین به ئاراسته‌ی ده‌ورووبه‌ری حه‌ویجه و سنوری كه‌ركوك.
شێخ جه‌عفه‌ر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، تائێستا سوپای عێراق و پێشمه‌رگه له‌سه‌ر پلانێكی هاوبه‌ش رێكنه‌كه‌وتن بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه و ده‌ورووبه‌ری، بۆیه ئاگاداری ئه‌و جموجۆڵانه نین، كه ده‌گوترێ سوپای عێراق به‌ره‌و حه‌ویجه جوڵه‌ی كردووه.