
هاوڵاتییەك: زێرەڤانی 10 دۆنم زەوی لێ داگیركردووم
نوچەنێت. سڤیل
هاوڵاتییەكی شاری هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) دەڵێ “زێرەڤانی زیاتر لە 10 دۆنم زەوی لێ داگیركردووم و ئەگەر بۆم نەگەڕێننەوە سكاڵانیان لەسەر تۆمار دەكەم”.
سەنگەر عوسمان محەمەد كە هاوڵاتیەكی شاری هەولێرە، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) باسی ئەوەی كرد، كە بارەگایەكی زێرەڤانی لەسەر زەوییەكەی ئەو دروستكراوە، بە پێی كۆپییەكی تۆماری هەمیشەیی كە لەلایەن ئەو هاوڵاتییەوە بە (سڤیل) دراوە، سەنگەر وارسی عوسمان محەمەد باوكییەتی و بڕی 10،5 دۆنم زەوی هەیە، دەكەوێتە نزیك گوندی مورتكەی بچووك لەهەولێر. سەنگەر لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) گوتی “ئەو زەوییە هی خۆمە، دەمەوێت سوودی لێ ببینم، كەچی تا ئێستا زێرەڤانی پێم ناداتەوە، هەر جارەو قسەیەك دەكەن، هەندێك جار دەڵێن ئێمە بارەگامان بۆ دەكرێت، هەندێكجار دەڵێن نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەكەین”. سەنگەر هەر لەلێدوانەكەیدا گوتی “ئەگەر ئەوان زەوییەكەم پێنەدەنەوە، من سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەم”.
لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) عەزیز وەیسی فەرماندەی زێرەڤانی نكۆڵی لەوە نەكرد، كە بارەگای ئەوان لەناو زەوییەكەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی “ئەگەر ئەو هاوڵاتییە خۆی بە خاوەنی دەزانێت و بەڵگەی یاسایی لایە، بابێت، ئێمەش رێگای یاسایی بۆ دەگرینەبەر”.
هەر لەبەدواداچوونەكەی (سڤیل) بەرپرسێكی دیكەیی زێرەڤانی كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت، گوتی “ئێمە كاری ئەو هاوڵاتییە جێبەجێ دەكەین و زێرەڤانی زەوی كەس داگیر ناكات”.