تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی كورد له په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت: له په‌رله‌مانی عێراق هه‌ولیك هه‌یه بۆ له كارلادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له پۆسته‌كه‌ی ، ده‌شڵیت” كه‌س ناتوانێ نه‌جمه‌دین كه‌ریم لابدات”.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عێراق، واژووی 144 په‌رله‌مانتاریان كۆكردوه‌ته‌وه بۆ له كارلادانی د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك له پۆسته‌كه‌ی، چونكه به‌بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره عێراقیانه پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ستوری عێراقی پێشێل كردووه و هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركوك ده‌دات له عێراق.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، محمد عوسمان، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عێراق، سه‌باره‌ت به هه‌وڵی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عێراق بۆ له كارلادانی پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند: له ناو په‌رله‌مانی عێراق هه‌وڵێك هه‌یه بۆ له‌كارلادانی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك له پۆسته‌كه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌ك واژوو كۆكراوه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێ دوای جه‌ژن ئه‌م پرۆسه‌یه بخه‌نه به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه و به زۆرینه پارێزگاری كه‌ركوك له پۆسته‌كه‌ی دووربخه‌نه‌وه. ده‌شڵێت “پارێزگاری كه‌ركوك هیچ خه‌رقێكی ده‌ستوری عێراقی نه‌كردووه، هه‌تا بتوانن له پۆسته‌كه‌ی دووری بخه‌نه‌وه”.
محمد عوسمان ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له پارێزگاری كه‌ركوك ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و به‌پێی یاسا، سێ رێگه‌ی یاسایی هه‌یه بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له پارێزگاری كه‌ركوك، كه هیچیان له د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم دا نین، چونكه بۆ له‌كارلادانی د.نه‌جمه‌دین له پۆسته‌كه‌ی، پێویسته یه‌كه‌م، پارێزگار خۆی ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه یان ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به زۆرینه متمانه‌ی لێ وه‌ربگرێته‌وه، یان ڕیگه‌ی سێیه‌م، پارێزگاری كه‌ركوك له گه‌نده‌ڵییه‌وه تێوه‌گلابێت یان خیانه‌تێكی نیشتمانی كردبێت، ئه‌وكاته سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌توانێ له پۆسته‌كه‌ی دووری بخاته‌وه.
به‌بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده، كه‌س ناتوانێ د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم له پارێزگاری كه‌ركوك لابدات، چونكه هیچ هه‌نگاوێكی ناده‌ستوری نه‌ناوه و پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد و نوینه‌رانی كورد له به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه هه‌ڵوێستی توند بنوێنن.
محمد عوسمان ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مانی عێراق به زۆرینه‌ش پارێزگاری كه‌ركوك له پۆسته‌كه‌ی لابدرێت، ئیمه ده‌توانین له دادگای ئیتحادی تانه له بڕیاره‌كه بده‌ین و ئه‌و بڕیاره له به‌رژه‌وه‌ندی كورد هه‌ڵبووه‌شێنینه‌وه.