نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی هەرێم، سەرقاڵی ئامادەکردنی وەسیقەیەکە، بەناوی زامنکردنی مافی نەتەوەکان و پێکهاتەکان.
بڕیارە 25-9-2017 گشتپرسی لەهەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لەعێراق ئەنجامبدرێت، مسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەوڵەتی داهاتوو دەڵێت “ئەو دەوڵەتەی دەمانەوێت دروستی بکەین دەبێتە، دەوڵەتی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان”. ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە 29-8-2017 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری بەژداریکردنی لە گشتپرسی دا، کەمە نەتەوەییەکانیش دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان، دەوڵەتی سەرجەم نەتەوەکانی کوردستانە و مافەکانیان پارێزراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسییە رایگەیاند: لەئێستادا ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی هەرێمی کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکردنی وەسیقەیەکە، بەناوی زامنکردنی مافی نەتەوەکان و پێکهاتەکان، بۆئەوەی پێش ئەنجامدانی گشتپرسی لەوەدڵنیابن، کە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان، هەموو مافە نەتەوەیی، میللی و سیاسیەکانیان زامن دەکات.
محەمەد ئیلخانی گوتیشی “ئەو وەسیقەیەی، کەئامادە دەکرێت، بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانە، بۆ پاراستنی مافەکانیان، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی لە سنوری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدان (ناوچە دابڕێندراوەکان)، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی سەردانیان دەکات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە”.