
لە هەندەرانەوە گەڕایەوە لە کوردستان هونەر بکات، لەکوردستان واز لەهونەر دێنێت و دەگەڕێتەوە هەندەران
تەنیا ئیدریس: هیوادارم ئەو نەگبەتییە تەنیا بۆ من بێت ئومێدم وایە بۆ هونەرمەندانی دیكەی كورد ئەو نەهامەتییە نەیەتە پێشەوە
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
گۆرانیبێژ (تەنیا ئیدریس) یەكێكە لەو هونەرمەندانەی، كە لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكان دەستی كردووە بە كاری هونەری گۆرانیگوتن، ئەو دەنگخۆشە بە ستایلێكی ئەڤینداری كۆمەڵێك گۆرانیی جوانی هێناوەتە بەرهەم و لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكاندا ڕووی كردووەتە دەرەوەی وڵات و چەندیین ساڵ لە وڵاتی هۆڵەندا ژیانی بەسەر بردووە.
لە دیدارێكی دا بۆ خوێنەرانی “هەولێر” تیشكی خستە سەر چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی، بە تایبەتی بڕیاری وازهێنانی لە گۆرانیگوتن و دووبارە گەڕانەوەی بۆ دەرەوەی وڵات.
لە سەرەتای ئەو دیدارەدا (تەنیا ئیدریس) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، زۆر بێزار بووە لە كاری هونەریی و لە كوردستان هیچ بایەخێك بۆ هونەر و هونەرمەندان لە ئارادا نییە، “زیاتر لە (27) ساڵە خەریكی كاری هونەرییم، كەچی دوای ئەوەندە ساڵە وا هەست دەكەم ئەو تەمەنەی بۆ كاری هونەریی تەرخانم كردبوو بە فیڕۆ ڕۆییشتووە، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە ئەوەی حیسابی بۆ نەكراوە هونەرە، ئەوەی فەرامۆش كراوە چینی هونەرمەندانە، ئەگەرچی بۆ هەندێك هونەرمەند ئەوەندە كاری باش كراوە، كە ئەو هونەرمەندانە گوناهیان دەگات ئەگەر نەڵێن بۆ ئێمە هەموو شتێك كراوە، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ چەند هونەرمەندێكە نەك هەمووی.”
تەنیا ئەوەیشی ئاشكرا كرد، ماوەی چەند ساڵێك لە هەندەران خەریكی خوێندن بووە لە بوارەكەی خۆی دا، بەڵام ئێستا لەوەیش پەشیمان بووەتەوە و دەڵێت: “نزیكەی (20) ساڵ ژیانم لە هەندەران بردە سەر، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە بواری میووزیك و دەنگ و چۆنییەتی گۆرانیگوتندا خوێندم، هەموو هەوڵێكی خوێندنەكەم بۆ ئەوە بوو شارەزاییەكی چاك پەیدا بكەم، بۆ ئەوەی خزمەتی هونەری وڵاتەكەم بكەم، بەڵام لە ئێستادا لەوەیش پەشیمان بوومەتەوە، چونكە ئەو چەند ساڵە ئەگەر لە بوارێكی دیكە خەریكی خوێندن بوومایە، دڵنیام ئێستاكە بەرهەمەكەی شتێكی باشتر دەبوو، بەڵام چونكە بۆ هونەرەكەم بوو هیچ سوودێكی نەبوو.”
لە بارەی ئەو بێ ئومێدییەی كە هونەرمەند لە ئێستادا تێكەوتووە دەڵێت: “كاتێك هاتمەوە بۆ كوردستان پڕۆژەی زۆر باشم هەبوو، بازاڕێكی هاوچەرخم لە گەڕەكی كوردستانی شاری هەولێر بوونیات نا، كەچی بەداخەوە دوای تەواو بوونی پرۆژەكە من نەبووم بە خاوەنی ئێستاكەیش پڕۆژەكە ماوە، منیش ئەو پارەی هەمبوو لە سەر ئەو پرۆژەیە بوو بە قوربانی، ئیتر من وەك هونەرمەندێك چی بكەم هانا بۆ كێ ببەم و سكاڵای دڵی خۆمی لە لا باس بكەم.”
(تەنیا ئیدریس)ـی گۆرانیبێژ هەر لەو دیدارەدا ئەوەیشی ڕاگەیاند بڕیاری دووركەوتنەوەی داوە و ئەستەمە جارێكی دیكە خەریكی كاری هونەریی بێت و گوتی: “دوای ئەو هەموو دڵشكان و بێ ئومێدییە، بڕیاڕمدا واز لە كاری هونەریی بهێنم، چونكە ناكرێ من ئەوە چەندیین ساڵە گۆرانیی دەڵێم، لە بڕی سوپاس ڕێزگرتن، ئیتر خەریكی ئەوەیش بم لەسەر گیرفان و ئەركی خۆم گۆرانیی بەرهەم بهێنم، نەخیر ئەو كارە ناكەم تا ئەو بارودۆخە بەو شێوەیە بێت، منیش لە ئێستادا خاوەنی ماڵ و منداڵم ئەو پارەیەی لە هونەرەكەم خەرجی دەكەم بۆ پەرەوەردەكردنی منداڵەكانم دابینی دەكەم زۆر باشترە، بۆیە من لە ڕێگەی رۆژنامەی “هەولێر”ـەوە ڕایدەگەیەنم من لەم ڕێكەوتەوە واز لە گۆرانیی دەهێنم، تا ئەو كاتەی خۆم قەناعەتەكەم دەگۆڕێت، كە ئەوەیشیان ئەستەمە.”
ئەو هونەرمەندە هەر دەربارەی دووركەوتنەوەی لە كاری هونەری گۆرانیگوتن، ئەوەیشی ڕاگەیاند : “لە ئێستادا بڕیاری دووركەوتنەوەم داوە، مانای ئەوە نییە بڵێن (تەنیا ئیدریس) هیچی پێنەماوە بۆیە گۆرانیی ناڵێت، نەخێر بەڵكو لە ئێستادا نزیكەی (30) گۆرانیی تۆمار كراوم ئامادەیە، كە دەتوانم (3) ئەلبوومی گۆرانیی لێ بەرهەم بهێنم، بە چەندیین شێوازی جیاواز و جۆراو جۆر گۆرانییەكانم بەرهەم هێناوە، بەڵام من ئەو گۆرانیانە لای خۆم هەڵدەگرم و با تەنیا خۆم گوێیان لێبگرم، هەروەها كلیپێكی زۆر جوانم لە وڵاتی ئیسپانیا وێنەگرتووە، ئەویش بڵاو ناكەمەوە و هەڵی دەگرم، داوای لێبوردنیش لەو گوێگر و هونەردۆستانە دەكەم، كە دەنگی منیان پێخۆشە و ئەو بڕیارەی منیان بە دڵ نییە، بەڵكو ئەوە هەڵوێستێكە، كە من دڵنیام ئەگەر بارودۆخی هونەری گۆرانیی كوردی ئاوابێت چەندیین هونەرمەندی دیكەیش ئەو بڕیاڕە دەدەن.”
(تەنیا ئیدریس) هەر لەمیانەی ئەو دیدارەدا دەڵێت: “دوای ئەوەی بەر لە دوو ساڵ بە هەموو خۆشەویستییەك گەڕامەوە بۆ شارەكەم، بۆ ئەوەی چیتر لە غوربەت ژیان بەسەر نەبەم، بەڵام لە ئێستادا گەییشتوومەتە ئەو باوەڕەی جارێكی دیكە بگەڕێمەوە دەرەوەی وڵات و چیتر ناتوانم بەرگەی ئەو هەموو خەفەت و بیركردنەوەیە بگرم، نامەوێ چیتر خەریكی ئەو هەموو گلەیی و قسانە بم، زۆرمان قسە كرد و پێشنیازی زۆر باشمان خستە بەردەستی لایەنی پەیوەندی دار، كەچی بەداخەوە كەس گوێی لێنەگرتین، بۆیە بڕیاڕم داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا جارێكی دیكە لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەم دەچمەوە بۆ هەندەران، چونكە پێم وایە ژیان لە دەرەوە باشترە بۆ من و دەزانم كە لە كوردستان بم تووشی خەفەتی گەورەتریش دەبم.”
لە كۆتایی دا گوتیشی: “هیوادارم ئەو نەگبەتییە تەنیا بۆ من بێت و ئەگەر بە تەنیا من قوربانی بم بۆ ئەو ڕێگەیە ئاساییە، ئومێدم وایە بۆ هونەرمەندانی دیكەی كورد ئەو نەهامەتییە نەیەتە پێشەوە.”