نوچەنێت
لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی سوریا و حزبوڵڵای لوبنان و داعش، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەدات و بە “دووبارەکردنەوەی ئەو “سیناریۆیەی دەزانێ کە لە ساڵی 2014 دا جێبەجێکرا و بووە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و ناوچەکە.
لە راگەیەندراوێکدا د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە ئاژانسەکانی هەواڵ روونی دەکاتەوە “بەپێی رێککەوتنێکی گوماناوی هێزێکی زۆری تیرۆریستان لە لوبنانەوە گوازراوەتەوە سەر سنووری عێراق”.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە گومانەوە لە رێککەوتنەکە و گواستنەوەی چەکدارانی داعش دەڕوانێ و دەڵێت “هێنانی ئەو هێزە لە لوبنانەوە بۆ رۆژهەڵاتی سوریا و سەر سنوورەکانی عێراق جێگەی گومانە و زۆر بەجددی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئەوە بە دووبارەکردنەوەی ئەو سیناریۆیە دەزانین، کە لە ساڵی 2014 دا جێبەجێکرا و بووە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و ناوچەکە”.
ئومێد سەباح جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەماهەنگی و هاوکاریی تەواوی لەگەڵ سوپای عێراق دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
رۆژی یەکشەممە 27-8-2017، بە پشتبەستن بە رێککەوتنێک لە ناوچەی قەلەموون، کە دەکەوێتە باشووری رۆژائاوای سووریا و رۆژهەڵاتی لوبنان ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنان و حکومەتی سووریا و داعش راگەیێندرا. یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکەش گواستنەوەی 300 چەکداری داعش بوو لە ناوچەی قەلەموونەوە بۆ دێرەزوور کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و سووریا.
داعش ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر سنوورەکانی لوبنان لە باشووری رۆژئاوای سووریا و دەستی بەسەر ژمارەیەک شار و شارۆچکەدا گرت، دوو هەفتە لەمەوبەریش حزبوڵڵای لوبنان و سوپای سووریا، لە ناوچەی عەرسال هێرشیان کردە سەر داعش و شەڕی قورس روویدا، پاشان ئاگربەستیان راگەیاند.
