نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سوپاسی وڵاتانی عەرەبی دەکەم، کە لە کێشە و ناسۆرییەکانی گەلی کوردستان تێ دەگەن. دەشڵێت “کەس ناتوانێ بڕیاری دواخستنی گشتپرسی بدات”.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەن، جەختی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کردووەتەوە، گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە و کەس ناتوانێ بڕیاری دواخستنی بدات.
بارزانی گوتی، کە گەلی کوردستان هیچ هیوایەکی بە مانەوە لە عێراق نەماوە، لەو کاتەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2006 – 2014) بەشێوەیەکی ”دڕندانەتر“ لە رژێمی بەعس گەلی کوردستانی ئەنفال کرد، ”هیچ سەرکردەیەکی سیاسیی و کەسایەتییەکی ئایینیش کاردانەوەی بەرامبەر دژایەتیی مالیکی بۆ گەلی کوردستان نەبوو“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب بە گشتی دەڵێت، هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەرێنییە و ”سوپاسی وڵاتانی عەرەبی دەکەم“، کە لە کێشە و ناسۆرییەکانی گەلی کوردستان تێ دەگەن.
بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ”ئیستا کات و ساتێکی مێژووییە“ بۆ گەلی کوردستان و ریفراندۆم دوا ناخرێت، مەگەر حکوومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەمریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان گەرەنتیی بە گەلی کوردستان بدەن و بەدیلێک پێشکەش بکەن، کە ئەوەش هەرگیز روو نادات.