نوچەنێت
پاش تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، كوڕەكانی “نما و چیا” وەرەسەكانی موڵك و داراییەكانی باوكیان بەپێی قەسام شەرعی بەسەر خۆیاندا دابەشدەكەن”.
بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی ئاوێنە، كه ئهمڕۆ سێشهمه 29-8-2017 بڵاویكردووەتەوە، تێیداهاتووه” لە 2017-7-25دا بە نووسراوی ژمارە 48/63 پشكەكانی كۆمپانیای وشە، كە 300 ملیۆن پشكن دەگوازرێتەوە بۆ سەر نما و چیای كوڕی، 122 دۆنم گردی زەرگەتەش، كە مەكۆی سەرەكی گۆڕانە لەسەر نماو چیا تاپۆ كراون”.
هەر بەپێی راپۆرتەكە “پاش ئەوەی چرای كچە تاقانەی نەوشیروان مستەفا، لەبەشەكەی خۆی خۆشبووە بۆ دوو براكەی، رۆژی 2017-7-25 بەنووسراوی ژمارە 48/63 پشكەكانی كۆمپانیای وشە، كە 300 ملیۆن پشكن گوازراوەتەوە بۆ سەر نماو چیا”.
ئەمە لە كاتێكدایە، كە نەوشیروان مستەفا، پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات لەساڵی 2016دا پشكی كۆمپانیای وشەی لەكارگەی چیمەنتۆی گاسن لەناوی خۆیەوە خستبووە سەر ناوی (چیا)ی كوڕی.
ئێستا لەڕووی یاساییەوە نما و چیا خاوەنی 122 دۆنم زەوی گردی زەرگەتە و باڵەخانەكەی چاودێریی دارایی و 25%ی قازانجی سۆپەرماركێتی میترۆ و 15%ی پشكی كارگەی چیمەنتۆی گاسن و كەناڵی كەی ئێن ئێن و چەندین باڵەخانەی ناو گردەكەن، كە بەدەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.
لەبەرانبەریشدا، بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی هیچ موڵك و هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی تایبەت بەخۆی نییە، بە مەكۆ سەرەكی و كەناڵی تەلەفزیۆنەكەشییەوە.
لە بەرانبەردا مەریوان وریا قانیع، نووسەر و روناکبیر لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وتارێکی بە ناوی “مەترسییەکی وێرانکەر لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان”، ئاماژەی بەوە داوە، کە ”گواستنەوەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆران بە کردەوە، نەک تەنھا لە رووی یاساییەوە، بۆ دوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا، کۆتایی ئەم بزووتنەوەیە و کارەساتێکی سیاسیی نوێ دەبێت لە کوردستاندا“.
مەریوان وریا باسیشی لەوە کردووە، کە بەرنامەی سیاسیی گۆڕان لەسەر دوو تایبەتمەندیی وەکوو ”نەبوونی تەوریسی (بۆماوەیی) سیاسی و گرێنەدانەوەی سیاسەت و پارە بە یەکترەوە“ دامەزراوە. بۆیە ئەوە ناشارێتەوە کە تاپۆکردنی سەرجەم موڵکەکانی گۆڕان بە ناوی هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا، ”ئەگەری ئەوەی تێدایە کە ھەردوو ئاکارە سەرەکییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان وێران بکات“.
بە بڕوای ئەو نوسەرە، چارەسەرکردنی ئەم بابەتە ”یەکێکە لە تەحەدا ھەرە گەورە و ھەرە سەرەکییەکانی بەردەمی بزووتنەوەی گۆڕان“ و ئەوە ناشارێتەوە ”مانەوە و نەمانەوەی گۆڕان، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی جیاواز لە کوردستاندا، پابەستی ئەوەیە، کە بزووتنەوەکە خۆی خاوەنی موڵک و ماڵەکانی خۆی بێت و ئەگەری تەوریسکردنی سیاسەت لەناو خۆیدا لەناو ببات“.
