نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ بەشداریکردن لە ریفراندۆمی باشووری کوردستان راگەیاند و بەبڕیارێکی هەڵەی دانا.
رۆژی سێشەممە 29-8-2017، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە. لەسەر پێشنیازی 26 ئەندامی ئەنجومەنەکەش، کە داوایان کردبوو ریفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە پارێزگاکە بکرێت، ئەو پرسە تاوتوێکرا و بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 29-8-2017، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک لەگەڵ هەرێمی کوردستان “کارێکی هەڵەیە”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ریفراندۆمی باشووری کوردستان رایگەیاند: ریفراندۆم “نادەستوورییە و هیچ بەهایەکی نییە”.
عەبادی پیرۆزبای کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەلەعفەری کرد و بە موژدەی نزیکبوونەوەی لە نێوبردنی داعش ناوی برد و ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت داعش لەنێو ببەن و گواستنەوەی داعش بۆ نزیک سنووری عێراق کارێکە جێگەی قبوڵکردن نییە.