نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پشتگیری بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك دەکەین، بۆ بەشداریکردنی گشتپرسی و دڵخۆشین بەو بڕیارە مێژووییە و دەسڵێت “ئەمە وەكو جەژنێکە بۆ خەڵکی کەرکوك”.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-8-2017، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە. لەسەر پێشنیازی 23 ئەندامی ئەنجومەنەکەش، کە داوایان کردبوو گشتپرسی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە پارێزگاکە بکرێت، ئەو پرسە تاوتوێکرا و بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، زیاتر لە 2.5 ملیۆن كەس لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان، مافی بەشداریكردنیان لە گشتپرسیدا هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەرفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بۆ بەشداریکردن لە گشتپرسی رایگەیاند: پشتگیری بڕیارەکە دەکەین و دڵخۆشین بەو بڕیارە مێژووییە، هیوادریشین بەشداریکردنی کەرکوك لە گشتپرسی ببێتە ئەگەری پێکەوەژیان، برایەتی و تەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کەرکوك، ئەوانەشی، کە بەشدارنەبوون پێویستە رێز لە بۆچوونەکەیان بگیرێت و هیچ پەرچەکردارێك لەبەرانبەریاندا نەبێت، چونکە ئەمە پڕۆسەیەکی دیموکراسی یە و دەبێت هەموولایەك رێزلە ئەنجامەکەی بگرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی دەستووری بوونی بڕیارەکەش دەڵیت “بەپێی دەستوور کەرکوك مافی خۆیەتی هەرچی بڕیارێك بدات پێویستە جێبەجێبکرێت، چونکە لە هیچ بڕگەیەکی دەستوری دا نەهاتووە باس لەوە بکات گشتپرسی نەکرێت، بۆیە هەر وەكو چۆن گشتپرسیمان کرد بۆ دەنگدان لەسەر دەستوور بەهەمان شێوە بۆ زۆر شتی تر دەکرێت”.
عەرفات کەرەم هیواشی خواست، ئەو لایەنانەی دەنگیان بە پڕۆژەکە نەداوە بگەنە ئەو باوەڕەی، کە بەشداریکردنی کەرکوك لە گشتپرسی لەبەرژەوەندی پارێزگای کەرکوك و خەڵکەکەی دایە، چونکە لەماوە رابردوودا حکومەتی عێراقی هیچ شتێکی بۆ کەرکوك نەکردووە.