نوچەنێت
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی رەوانەی هەولێر کردووە. دەشڵێت “لە دوای جەژنی قوربان بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت”.
عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە (رووداو)ی راگەیاند، حکومەتی عێراق چەکی پارەی نزیکەی 80%ی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2017 رەوانەی هەولێر کردووە، کە بۆ پارێزگای هەولێر 45 ملیار، بۆ دهۆک 35 ملیار و بۆ پارێزگای سلێمانیش بڕی 15 ملیار دینارە.
عەبدولستار مەجید گوتی “لە دوای جەژنی قوربان دەست بەخەرجكردنی پارەکە دەکرێت و بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت”.
وەزیری کشتوکاڵ لەبارەی قەرزی پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جووتیارانی کوردستان، کە لەساڵی 2014ـەوە لەلای بەغدایە و نەدراوە گوتی “لە هەوڵی بەردەوامداین تاوەکو بەغدا ناچار بکەین پارەی گەنمی ساڵانی پێشوویش خەرجبکات”.