محەمەد ئیلخانی: وڵاتان ئامادەن پێشوازی لە شاندی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی بکەن

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان رایدەگەیەنێت، ئەو تیمەی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمەن، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکارییەکانن، بۆڕێکخستنی کاتی سەردانەکانی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی بۆ وڵاتان.

ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی هەرێم لەدوای دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی گشتپرسی کە 25-9-2017 یە، سەردانەکانی بۆ وڵاتان دەستپێکرد و یەکەم سەردانی شاندەکە بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ وڵاتی بەلجیکا، دووەم سەردانیش بۆ بەغدا بوو، کەچەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ حزب و لایەنە عێراقیەکان و بەرپرسانی حکومی ئەنجامدا، لەبەرنامەشدایە پێش ئەنجامدانی گشتپرسی سەردانی چەندین وڵاتی دیکە بکەن.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسییە لەبارەی سەردانی ئەنجومەنەکە بۆ وڵاتان رایگەیاند: پێش ئەنجامدانی گشتپرسی پێویستە سەردانی ئەو وڵاتانە بکات، کە لە یەکەم کۆبوونەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بۆئەو مەبەستەش ئەو تیمەی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمەن، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاییەکانن، بۆڕێکخستنی کاتی سەردانەکانی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی بۆ وڵاتان.

محەمەد ئیلخانی گوتیشی “ئەولەویەتی سەردانەکانمان بۆ  وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانە دەبێت، کە ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی، هەروەها سەردانی وڵاتانی عەرەبی، کەندا و و وڵاتانی ئەوروپی دەکرێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کەهاوپەیمانی هەرێمی کوردستانن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”. 

لەبارەی هۆکاری سەردانی شەندەکە بۆ بەغدا پێش وڵاتانی دیکە ئاشکرایکرد و دەڵێت “بۆئەوەی لەسەردانەکانی داهاتوو بۆ ئەو وڵاتانەی لەبەرنامەدایە سەردانیان بکەین، دۆسیەکەمان پێبێت و هەڵوێستی بەغداشمان پێبێت، بۆئەوەی پێیان رابگەیەنین، کە ئێمە ئەم پڕۆسەیە ئەنجامدەدەین، حکومەتی عێراق و حزب و لایەنە عێراقیەکانمان ئاگادارکردووەتەوە”.  

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو ئەو وڵاتانەی لەبەرنامەدابوون ئامادەیی خۆیان نیشانداوە پێشوازی لە شاندی ئەنجومەنی باڵای گشتپرسی بکەن، تەنانەت ئەو وڵاتانەش، کە دژایەتی خۆیان بۆ گشتپرسی راگەیاندبوو، بەڵام سەردانەکە لەسەر بەرنامەی ئەو وڵاتانە راوەستاوە، کامە وڵات زووتر وەڵامیان داینەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەین.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com