
نەوشیروان مستەفا: هەرکات کێشەکانی عێراق لە پەڕلەمان خرایە ڕوو ئەوکات هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین
نوچەنێت . گۆڕان نێت
ئەمرۆ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبونی رێکخەرو ئەندامانی ژوری هەڵبژاردن، کارگێڕێ و دارایی و رۆژنامەوانی، سەرپەرشتی کۆبونەوەی باژێڕوانەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.
تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکە تەرخان بوو بۆ ئامادەسازیی بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بازنەکان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی قەزاکانی پارێزگای هەولێر، وەک هەنگاوی دووەمی هەڵبژاردنی رێکخراوەیی بەرەو پتەوکردنی پەیکەرەی بزوتنەوەی گۆڕان.
نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بە سەرکەوتوویی هەنگاوی یەکەمی ئەو ئەزمونە دا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، داوای لە هەڵسوڕاوانی پایتەخت و پارێزگای هەولێریش کرد ئەوانیش نمونەیەکی هاوشێوە پێشکەش بکەن و بەسەرکەوتویی و لە کاتی خۆیدا، بەرۆحییەتێکی شارستانییەوە، پرۆسەکە ئەنجام بدرێ.
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە قەیرانی ئێستای عێراق کرا لە پەیوەندیدا بە هەرێمی کوردستانەوە، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان تەئکیدی کردەوە کە شوێنی راستەقینەی دانوستان و ململانێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دامەزراوە دەستوریەکانی دەوڵەتی ئیتحادییە، هەر کات ململانێ و میکانیزمی چارەسەر لەو شوێنانەدا خرانە ڕوو ئەوکات ئێمەش هەڵوێستی خۆمان بەڕوونی رادەگەیەنین.
نەوشیروان مستەفا ئەوەشی خستەڕوو کە بزوتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان تەرەفگیریی دەکەن، هەر کات لەگەڵ لایەنەکانی تر گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە دەسکەوتێک لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بەدیهاتووە ئەو کات بڕیاری خۆمان لەسەر بنامای ئەو بەرژەندییە دەدەین.