نوچەنێت
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەر دوو وڵاتی ئۆکراینا و سریلانکا نوێنەرایەتی خۆیان لە هەرێمى کوردستان دەکەنەوە، بەوەش ژمارەی نێردەى وڵاتانى بیانى لە هەرێمى کوردستان دەگاتە 38 نوێنەرایەتى.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەى سیاسەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى دەرەوە و پشتبەستن بە پرەنسیپى دەرگاى کراوە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، دوا بەدواى رەزامەندى حکومەتى عێراقى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاردرا لەسەرکردنەوەى کۆنسوڵگەرى فەخرى هەردوو وڵاتى کۆمارى ئۆکراینا و کۆمارى سریلانکاى دیموکراتى ئیشتراکى لە هەرێمى کوردستان.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە بڕیارى ئۆکراینا و سریلانکا دەکات، بۆ کردنەوەى کۆنسوڵگەرى فەخریان کە ئەمەش کەناڵێکى دیکەیە بۆ پتەوکردنى پردى پەیوەندییەکان لەگەڵ هەردوو وڵات لە بوارەکانى ئابوورى، بازرگانى، کولتوورى و رۆشنبیرى.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارى کردنەوەى نوێنەرایەتى وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێگەى ئێستا و ئاییندەى هەرێمی کوردستان.
دوای کردنەوەی نوێنەرایەتیی ئەو دوو وڵاتە، ژمارەی نێردەى وڵاتانى بیانى لە هەرێمى کوردستان دەگاتە 38 نوێنەرایەتى و کونسوڵخانە.