پارێزگاری کەرکوك: سەرجەم هێزەکانی ئەمنیەکانی کەرکوک ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی

0

نوچەنێت

پارێزگاری کەرکوک رایدەگەیەنێت، هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش ئامادەن بۆئەوەی باری ئەمنی شاری کەرکوک بەباشی بپارێزن و پتەوی بکەن بۆئەوەی گشتپرسی بەشێوەیەکی باش بەڕێوەبچێت. لەبارەی دواخستنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجەش دەڵێت “تاوانێکی گەورەیە دەرهەق بە خەڵکی حەویجە و کەرکوک دەکرێت”.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک رۆژی یەکشەممە 27-8-2017، لە دیوانی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگە، بەرپرسی میحوەرەکانی کەرکوک و ئاسایش و پۆلیس و فەرماندەکانی هەواڵگری سەربازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە نەجمەدین کەریم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ راگەیاندنەکان ئاشکراکرد و رایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کرا چۆن سەنگەرەکان تووندتر و بەهێزتر بکرێن، ئێمە وەکو ئیدارەی کەرکوک چیمان لەسەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕی و پێویستییانەی هەن، باسی ئەو مەترسییانە کرا، کە لەسەر کەرکوک هەن، بەتایبەتی ئێستا تەلەعفەر خەریکە تەواو دەبێت، بە دوورودرێژی باسی بابەتی حەویجە کرا، پێویستی رزگارکردنی حەویجە و پێویستی هاوئاهەنگیکردن لەوبارەیەوە تاوتوێکرا”.

پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەکەدا لەسەر پرسی ئۆپەراسیۆنی حەویجە گوتی “پێشمەرگە هەموو کاتێک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و حکومەتی عێراقدا بکات، بەمەبەستی رزگارکردنی حەویجە و گەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ شارەکان و شوێنەکانی خۆیان”.

هەروەها گوتیشی “پێویستبوو ئۆپەراسیۆنی حەویجە پێش تەلەعفەریش بووایە، ئێستاش دوای تەلەعفەر، گەر دوابخرێت تاوانێکی گەورەیە، دەرهەق بە خەڵکی حەویجە و کەرکوک دەکرێت”.

لەبارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، کە بڕیارە 25-9-2017 بەڕێوەبچێت، نەجمەدین کەریم گوتی “بێگومان لە کۆبوونەوەکەدا باسی گشتپرسی کرا، هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش هەموو ئامادەن، بۆئەوەی باری ئەمنی شارەکە بە باشی بپارێزن و پتەوی بکەن، تاوەکو گشتپرسی بەشێوەیەکی باش بەڕێوەبچێت، بەبێ هیچ دەستوەردانێک لە هیچ لایەکەوە بەتایبەتی ئەگەر تیرۆرستان و ناحەزانی خەڵکی کوردستان بیانەوێت کارێکی نەخوازراو لە کەرکوکدا بکەن”.

پرسی ئاوەرەکان تەوەرێکی دیکەی قسەکانی پارێزگاری کەرکوک بووە و گوتی “نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەوەی خەڵکێکی زۆری پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، بەغدا و دەورووبەری لە کەرکوک ماونەتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە حکومەتی عێراق رێگەنادات ئەوانە بگەڕێنەوە، زۆربەی لەبەر پرسی تائیفەگەری نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان و رێگایان پێنادرێت، ئەم پرسانەش بە دوورودرێژی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوەکرا، کۆبوونەوەکانیش ماوەماوە بەردەوام دەبن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com