
لە ژێر كاریگەری مەلا بەختیار و خەسرەو گوڵ محەمەد، خانەقینیەکان دەستیان بەسەر یەکێتی دا گرتووە
نوچەنێت گۆڤاری سڤیل
فەیسەڵ خەلیل
سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی ئاماژەی بۆ خانەقینیەكان كرد، كە چەندین كەسیان لەناو یەكێتی گەیشتوونەتە سەركردایەتی. ئەو سەرچاوەیە دەیگوت “خانەقینیەكان پۆستی بادینیەكانیشیان بردووە”. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی “ئەمەیان لەژێر كاریگەری مەلا بەختیار و خەسرەو گوڵ محەمەد بووە”. ئەندامێكی پێشووی سەركردایەتی یەكێتیش كە خانەقینی بووە، بەپێچەوانەوە پێی وایە كە پۆست بەوان نەدراوە، مامۆستا جەعفەر دەڵێ “ئەگەر لەسەر ئەو ئەساسە پۆست بدرایە، دەبوایە بە من بدرێت”.
سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێئەوەی ناوی خۆی ئاشكرا بكات، باسی لەوەكرد كە لەناو یەكێتیدا ناوچەگەری دەكرێت و پێشی وایە هەر لەبەر ئەو هۆكارەش یەكێتی لەرووی رێكخستنەوە، ناتوانێت هاوسەنگی خۆی لەهەموو ناوچەكانی كوردستان رابگرێت، ئەو سەرچاوەیە گوتی “ئێستا لە رووی ناوچەگەرییەوە سەیری یەكێتی بكەیت، هەموو بادینان بە قەد خانەقینیەكان دەسەڵاتیان لەناو یەكێتی نییە، ئەمەش تەنها بۆ چەند كەسێك دەگەڕێتەوە، كە كاریگەرییان لەسەر دانانی ئەو كەسانەوە هەیە، كە خانەقینین”.
ئەو سەرچاوەیە ئەو ناوانەی ژمارد، كە لەناو یەكێتی پۆستیان پێدراوەو خانەقینین، یەكەم كەس كە ئەو ئاماژەی پێكرد دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد بوو، كە ماوەیەكی زۆر بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی بووە، ئێستاش بەرپرسی ئاسایشی گشتی كوردستانە، دواتر مەلا بەختیار كە كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەو چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی بووەو سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان بووە، لەدوای ئەویش عیماد ئەحمەد كە چەندین جار پۆستی حزبی و حكومی وەرگرتووە، ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە و لە رووی حیزبیشەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن بوو، جەبار فەرمان كە سەركردەیەكی سەربازی یەكێتی بووەو پۆستی حكومیشی پێدراوە، لەدوای ئەویش بلێسە جەبار فەرمان لەدواین كۆنگرە بووە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) بڵێسە جەبار فەرمان رەتیكردەوە كە ژمارەی خانەقینییەكان لەنێو سەركردایەتی زۆر بێت، دەڵێ “ئەو ژمارە سەركردەیە خانەقینییەی لەنێو سەركردایەتی یەكێتیدا هەن، بە بەراورد بە ژمارەی سەركردایەتی یەكێتی كە 51 كەسن، زۆر نییە. هەروەها هەندێ هەڤاڵ هەن كە بە خانەقینی ناویان رۆیشتووە خانەقینی نین، لەئەسڵدا گەرمیانین”. هەروەها گوتیشی “ئێمە هەموومان كوردستانین، بیری ناوچەگەریمان پێ باش نییە، بەڵام خانەقینییەكان ئەگەر زۆریش بن لە سەركردایەتی، ئەوە بەدەنگی ئەندامانی كۆنگرە بوونەتە سەركردایەتی”.
جیا لەو بەرپرسانەش وەسفیە، كە لێپسراوی دەزگای شەهیدانی یەكێتیە، ئەویش كەسێكی خانەقینیە، مامۆستا جەعفەر كە پێشوتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بووەو دواتریش سەرۆكی دەزگای بیر و هۆشیاری یەكێتی بووە، موحسین عەلی ئەكبەر ئەویش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بووە، جیا لەمانەش سەعدون فەیلی ئەندامی سەركردایەتی و لیپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی بووە لەبەغدا و عەبدلڕەزاق فەیلی جێگری لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەو بورهان شاوی كە بەرپرسیارێتی لەدەستەی پەیوەندییەكانی گەیاندن هەبووەو لەسەر میلاكی یەكێتی بووە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەكرد، كە كاریگەری سەركەوتنی ئەوانە بۆ وەرگرتنی پۆست لەژێر كاریگەری هەر یەكە لە مەلا بەختیار و خەسرەو گول محەمەد بووە، بەڵام هەر یەكە لەسەعدون فەیلی و مامۆستا جەعفەر ئەوەیان رەتكردەوە، كە لەژێر كاریگەری ئەو كەسانەوە پۆستیان وەرگرتیبێت.
مامۆستا جەعفەر، كە ئێستا تەنها خۆی وەك لایەنگرێكی یەكێتی دەزانێ، تا دوایین كۆنگرەی یەكێتی بەرپرسی مەكتەبی بیر و هۆشیاری یەكێتی بوو، وەك خانەقینیەك ئەوەی رەتكردەوە، كە لەبەر خانەقینیەتی لەڕابردوودا پۆستی پێدرابێت، ئەو لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی “من كاتێك دەستم بە خەبات كرد، بۆ ئەوەم بوو كە میللەتێكی زوڵملێكراو هەیە و دەبێت دیفاعی لێ بكرێت، من بۆ ئەوەم نەبوو كە شارچییەتی بكەم، بڵێم خانەقین رووباری تێدایە و خەڵكەكەی قژی وەهایە و چاویان وەهایە”.
لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا جەعفەر نكۆڵی لەوە نەكرد، كە زۆربەی حزبەكان پەنا دەبەنە بەر ناوچەگەری و شارچییەتی، ئەو گوتی “بەداخەوە ئێستا دەبینم زۆربەی حزبەكان كار بەو پرەنسیپە دەكەن، تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش كار لەسەر ئەم شار و ئەو شار دەكات، كە بەبڕوای من ئەمە زۆر زیانبەخشە هەر حزبێك ئەو كارە بكات، ئەوا حزبێكی بیكەڵكە”.
كاتێك پرسیاری ئەوە لەمامۆستا جەعفەر كرا، كە گوایە خانەقینیەكان بە پاڵپشتی هەر یەكە لەعیماد ئەحمەد و دكتۆر خەسرەو و مەلا بەختیار پۆستیان پێ دەدرێت، مامۆستا جەعفەر لەلێدوانەكەیدا بەپێكەنینەوە گوتی “كوا ئەی بۆ پۆست بەمن نەدراوە؟”.
سەعدون فەیلی كە كەسێكی دیكەی خانەقینینە لەناو یەكێتی بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە پێی وابوو “خانەقینیەكان بایەخیان پێنەدراوە”. ئەو گوتی “من وا لەماڵەوە دانیشتووم، مامۆستا موحسین كە لەساڵی 1977 پێشمەرگە بوو، ئەندام مەكتەبی رێكخستنە، كوا حزب كاری بەوە كردووە، یەكێتی یەكێكی رواندزی داناوە بۆ بەرپرسیارێتی فەیلییەكانی بەغدا”.
مامۆستا سەعدون فەیلی كە پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بووە، لەساڵی 1975 لەلایەن بەعسەوە گیراوە، تا ساڵی 1980 لەو ساڵەوە بۆتە پێشمەرگە، تا پلەی سەركردایەتی رۆیشتووە، دواجاریش بەر لەدوایین كۆنگرەی یەكێتی لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی بووە، ئەو پێی وایە كە قوربانی و خەباتی خانەقینیەكان زۆر لەوە زیاترە، كە بە پۆستی چەند كەسێك بەراورد بكرێت، ئەو گوتی “ئێوە دەزانن لەناو شۆرش رێژەی خانەقینیەكان چەند بوو؟ بێگومان زۆر بوو، من ناوی كەس ناهێنم، بەڵام كاتێك پۆست بە چەند كەسێك دراوە، نابێت لەگەڵ ئەو خەباتە بەراورد بكرێت، بەڵكو ئەگەر بەو قیاسە بوایە، دەبوایە خانەقینیەكان چەندین پۆستی وەزارەتیان وەربگرتایە”.
سەعدون فەیلی لەبارەی خۆیەوە دەڵێ “من لەكۆنگرە دەرنەچووم، خۆم بە مەغدور نازانم، چونكە وشەی مەغدور وشەیەكی شیاو نییە، بەڵكو خۆم بە گونجاو دەزانم، بۆیە لەجیاتی بڵێم من مەغدورم، دەڵێم من توانای ئیشكردنم ماوە، خەڵكەكە پێویستی بەخزمەتی منە، بەڵام ئەگەر لەماڵەوەش بم، خەباتی خۆم هەر دەكەم”.