له‌ شه‌ش ناوچه‌ی جێناكۆك له‌ دیاله‌، تا ئێستا چواریان بڕیاری به‌شداری له‌ گشتپرسییان داوه‌

0

نوچه‌نێت- كه‌ركوك ناو

چوار قەزا‌ و ناحیەی جێناكۆك لە سنوری پارێزگای دیالە، بڕیاریانداوە بەشداری لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا بكەن، بەڵام هێشتا چارەنوسی دوو ناوچە بۆ ئەو پرۆسەیە یەكلایی نەبۆتەوە.

لە پارێزگای دیالە، شەش ناوچەی جێناكۆك لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌ و هەرێمی كوردستاندا هەیە، تائێستاش چوار ناوچەیان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەن‌ و بە دەنگدان، بڕیاری بەشدارییان داوە لە ریفراندۆم.

عەدنان مەنسور، بەرپرسی نوسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند “لە كۆی شەش ناوچەی جێناكۆك لە سنوری پارێزگای دیالە، تا ئێستا ئەنجومەنی چوار ناوچە بەكۆی دەنگ بڕیاریانداوە پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت لە ناوچەكانیاندا”.

هەریەك لە قەزای خانەقین‌ و ناحیەكانی مەندەلی، قەرەتەپە‌ و جەبارە لە دیالە، بۆ ریفراندۆم یەكلایی بوونەتەوە، بەڵام بە وتەی عەدنان مەنسور، بەهۆی چەند گرفتێك تائێستا لە هەردوو ناحیەی سەعدیە‌ و گوڵاڵە (جەلەولا) كۆبوونەوە نەكراوە‌ و بڕیاری كۆتایی نەدراوە.

بەرپرسی نوسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە خانەقین دەڵێت “لە سەرجەم ئەو ناوچانەی كۆبوونەوە كراوە‌ و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دراوە، نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی‌ و ئایینییەكان دەنگیانداوە‌ و لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەكەدا بوون”.

ئەنجومەنی قەزای خانەقین 16-8-2017، ئەنجامدانی ریفراندۆمی لە سنووری قەزاكەیان قبووڵكرد، ئەوەش لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی 18 ئەندامی ئەنجومەنەكە.

لە خانەقین لیژنەیەك لە حزبە كوردستانییەكان پێكهێنراوە بۆ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەوەش بە بەشداری نوێنەرانی یەكێتی، پارتی، شیوعی‌ و یەكگرتوو.

خانەقین یەكێكە لە “ناوچەی جێناكۆك”، لە نێوان حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان‌ و سەر بە پارێزگای دیالەیە لە خۆرهەڵاتی عێراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌، كورد و توركمان، هەروەها كاكەیی‌ و كریستیان ‌و هەردوو مەزهەبی شیعە و سونە پێكدێن.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (كەركوك ناو) “لە سەعدیە هەڕەشە لە سەرۆكی ئەنجومەنی ناحیەكە كراوە كۆبوونەوەی ئەنجومەن ئەنجام نەدات بۆ دەنگدان لەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌ و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناحیەی گوڵاڵەش بۆ ئەو پرسە، دواخراوە”.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش، بڕیارە لەم هەفتەیەدا‌ و لە كۆبوونەوەیەكدا داواكاری بەشداری شارەكە لە ریفراندۆم، پەسەند بكات، سەرباری ناڕەزایی پێكهاتەكانی توركمان‌و عەرەب.

پێشتریش ئەنجومەنی ناحیەی باشیك، لە 16ی ئەم مانگەدا بڕیاریدا ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، سنورەكەی ئەوانیش بگرێتەوە‌ و خەڵك مافی دیاریكردنی داهاتووی خۆیان هەبێت.

ناحیەی باشیك، بەدوری 12 كم دەكەوێتە رۆژهەڵاتی موسڵ‌ و ناوەڕاستی 2014 كەوتە دەستی داعش‌، مانگەكانی كۆتایی ساڵی رابردوو كۆنتڕۆڵكرایەوە.

واچاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا، ئەنجومەنی ناحیەكانی تری زۆرینەی ناوچەی جێناكۆك، لەبارەی ریفراندۆمەوە بڕیاربدەن.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌ و نوێنەری پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزووتنەوەی گۆڕان‌ و كۆمەڵی ئیسلامی، كە خاوەنی 30 كورسی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017، لەهەرێمی كوردستان‌ و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌ و هێشتا بەغدا‌ و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com