ستراتیژی ئەمریکا لە دژی ئێران بنیات نراوە

0

نوچەنێت- المستقبل 

ئایا ئەمریکا لە دیاریکردنی ستراتیژی خۆی لە ناوچەکە و جیهان وە درەنگ کەوت؟ ئایا ئێستاش دەکرێ راگەیاندنی ئەم ستراتیژییە بخرێتە چوارچێوەی کات و ساتێکی ئاسایی و لۆژیکییەوە؟ هەر چۆنێک بێت، ئەمە رووداوەکانن، کە خۆیان بە سەر ستراتیژییە راگەیەندراوکە فەرز دەکەن.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن، کە دوو مانگی رابردوو ئاماژەکانی ستراتیژی نوێی ئەمریکا خۆیان دەرخستووە، بەڵام کاتەکەی گۆڕا و چاوەڕوان دەکرێ دوای دەستپێکی 72هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرا بێت. هەر سەرۆک حکومەتێک هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە قەیرانەکان دەخاتەڕوو، چونکە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ هەر کام لە سەرانی وڵاتانی جیهان، وەک هەڵوێستی فەرمی هەژمار دەکرێت. پێش بینی دەکرێ، کە هەڵوێستی ئەمریکا لەم بارەیەوە دوای دەستپێکی کۆبوونەوەکە بە فەرمی بخرێتەڕوو.

لە بەرچاوترین هۆکارەکانی دواخستنی راگەیاندنی ئەم ستراتیژییە، تیمی سیاسی نوێی ئەمریکایە، کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ تاوتوێکردنی کەیسە جیاوازەکان راسپێردراون. ئەم تیمانە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی کەیسەکان پەلەیان نییە و لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی، کە ئیدارەی ترەمپ لە ناکاو لە گەڵ کۆمەڵێک پرسی مەترسیداری ناوچەیی بەرەوڕوو بێتەوە، بەبێ ئەوەئ، کە سیاسەتێکی تێروتەسەلیان بۆ هەڵسووکەوت لە گەڵ ئەم پرسانە هەبێت. تاکوو ئێستا دیار نییە، کە ستراتیژی و رێکاری ئەمریکا سەبارەت بە عێراقی دوای داعش، چارەنوسی حەشدی شەعبی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی لە گەل سوننەکانی ئەم وڵاتە چییە؟ پرسی ریفراندۆم و چارەنوسی کورد لە عێراق لە دوای پرۆسەکە روون نییە. ئەوەی، کە ئایا کورد وەک بەشێک لە قەوارەی سیاسی عێراق دەمێنێتەوە یان لەم وڵاتە جیا دەبێتەوە.

سەرباری پەیوەندی نزیک لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، ئیدارەی ئەمریکا دەبێت سیاسەتەکانی خۆی لەم ناوچەیە بە راشکاوانە دیاری بکات. واشنتۆن ئێستا لە شەڕی یەمەن یارمەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات و لە پاڵ وڵاتانی عەرەبی لە دژی رۆڵ و رەفتار و سیاسەتەکانی ئێران وەستاوەتەوە. بەم حاڵەش، سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا دەتوانێ ئاماژەیەکی روون بێت بۆ چۆنیەتی مامەلەکردنی لە گەڵ ئێران و رادەی رەزامەندی وڵاتانی عەرەبی لەم سیاسەتەی ئەمریکا. راستە، کە ئێستا ناوچەکانی بێ کێشە و شەڕ (ناوچەکانی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی و شەڕ) لە سوریا هاتوونەتە کایەوە، بەڵام ئەم بابەتە گرێدراوە بە پێکهێنانی دۆخێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی باشتر بۆ گفتوگۆ لە نێوان سوریەکان و هەروەها وتووێژ لە نێووان دوو زلهێزی گەورەیە.

بە گوتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، سێ بابەت لە ئەولەوییەتی ئەمریکادان: چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ هەلومەرجی زاڵ بە سەر عێراق و سوریا لە قۆناغێ دوای داعش، چونکە چاوەڕوان دەکرێ لە ماوەی چەند مانگدا، داعش بە یەکجاری تێکبشکێت. دواتر، داهاتووی ئەمریکا و روسیا و رۆڵی هەر کام لەم دوو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە سوریا گرنگە. شێوازێک لە هەڵسوکەوت، کە ئەمریکا بەرامبەر بە سوریا دەیگرێتە بەردەم، باشترین ئاماژەیە بۆ ئەو راستییە، کە ئەمریکا دەیهەوێ پێش بە نفوزی ئێران لە ناوچەکە بگرێت. رۆڵێک، کە روسیا لەم بارەیەوە دەتوانێ لە ئەستۆی بگرێت بە تەنها بۆ خۆی بابەت و پرسێکی هەستیاری دیکەیە.

لە وەها هەل و مەرجێکدا، ئیدارەی ئەمریکا لە هەوڵدایە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان. ئیدارەی ئۆباما بە شێوەیەک هەڵسوکەوتی دەکرد، کە دوا ئامانجی خۆ بەدوور گرتن بوو لە کێشە و قەیرانەکان. بە شێوەیەکی گشتی، ئەمریکا هەر ستراتیژیەک بگرێتە بەر، بەرژەوەندی خۆی لە سەرەوە دادەنێت. گەیشتن بەم ئامانجانە، دەتوانێ بە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران و پێش گرتن بە فراوانخوازییەکانی ئەم وڵاتە ئاسانتر بێتە بەرچاو. دەستکەوتی گەیشتن بەم ئامانجە، دۆخێکی ئابووری باش بۆ ئەمریکا، کەم کردنەوەی تێچووەکان، گرێدانی رێککەوتنی نەوتی نوێ و زیادکردنی رێژەی هەناردەی ئەم وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندایە.

پرسی سێهەم، ئاسایشی ئیسرائیلە، کە خاڵێکی نەگۆڕ لە ستراتیژی سەرجەم ئیدارەکانی ئەمریکا دایە. قەیرانی سوریا بە هەر بارێکدا چارەسەر بکرێت، ئەم ئەولەویەتە ناگۆڕدرێ و ئەمریکا لە وتووێژەکانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی لە گەڵ هاوپەیمانانی و تەنانەت وڵاتانی دیکەی جیهان، ئەم ئەولەویەتە پشت گوێ ناخات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com