تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی گۆڕان و یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كێتی نیگه‌ران نییه و ده‌شڵێت “هه‌ندێك له شاندی گۆڕان ئیلتزاماتی دیكه‌یان هه‌بووه، بۆیه تائێستا كۆبوونه‌وه‌كه سازنه‌كراوه”.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به فه‌رمی داوای له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی هەردوولا، به مه‌به‌ستی تاوتوێ كردنی پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی نێوانیان، به‌ڵام تا ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵامی داواكه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی نه‌داوه‌ته‌وه و كۆبوونه‌وه‌كه سازنه‌كراوه، به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی یه‌كێتی، ئه‌م كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه، دوا كۆبوونه‌وه‌یه بۆ گۆڕان، كه ئایا دێته پێش بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان یان نا؟ ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌یه‌ته پێش به گوته‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتی “یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی په‌رله‌مان كاراده‌كاته‌وه”.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ئیسماغیل نامیق، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی گۆڕان-یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی هه‌ردوولا ڕایگه‌یاند: تا ئێستا هیچ كاتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی گۆڕان-یه‌كێتی دیاری نه‌كراوه، چونكه به‌شێك له ئه‌ندامانی گۆڕان له سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌ش هه‌ندێ ئیلتزاماتی دیكه‌یان هه‌بووه بۆیه، تا ئێستا كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام نه‌دراوه.
ئیسماعیل نامیق ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی گۆڕان و یه‌كێتی، ئیستاش ئاسانه و لێیان نیگه‌ران نین، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی گۆڕان سه‌رقاڵی هه‌ندێ ئیلتزاماتی دیكه‌ن.
به‌بڕوای ئەم سەرکردەیەی گۆڕان، دواكه‌وتن لە ئه‌نجام نه‌دانی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان ئاساییه، چونكه جاری وا هه‌بووه ئێمه داوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شمان كردووه و شاندی یه‌كێتی سه‌رقاڵ بوون و كۆبوونه‌وه‌كه كاتێكی دیكه سازكراوه.