نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی چڤاتی گشتی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە ویستوویەتی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ هەموو حزبەکان باشبێت و دەشڵێت “ئەگەر بەبێ ئێمە پەرلەمان کارادەکەنەوە پیرۆزیان بێت”.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لە دوای ئاڵۆزییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لەکار کەوتنی، پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەم دوو هێزە پێی نایە قۆناغێکی ئاڵۆزەوە، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان ئەو دوو هێزە سیاسییە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، تائێستاش پەیوەندییەکان بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی لەیەکەم خاڵی پاکێجە شەش خاڵیەکەیدا بۆ گۆڕان داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان دەکات، کە ڕەنگە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ گۆڕان یەکەم کلیلی ئاساییکردەوەی پەیوەندییەکان بێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ پارتی لەئەگەری رێکنەکەوتنیان بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە ویستوویەتی پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان و لەدۆخێکی ئاساییدا بێت، بەتایبەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە هێزی یەکەمە و خاوەنی 38 کورسی پەرلەمانە.
لەبارەی هەڵوێستی گۆڕان بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ بزووتنەوەی گۆڕان، جەعفەر خەیات دەڵێت “ئەوان ئازادن لەوەی بەبێ ئێمە پەرلەمان کارابکەنەوە، بەڵام ئەگەر بیانتوانیایە بەبێ گۆڕان پەرلەمان کارابکەنەوە، لەماوەی ئەو دووساڵەدا کارایان دەکردەوە، ئێستاش ئەگەر بەبێ ئێمە کارای دەکەنەوە پیرۆزیان بێت”.
ئەو ئەندامەی چڤاتی گشتی گۆڕان گوتیشی “هەرچەندە وەزیرەکانمان لە حکومەت دەرکراون و نێردراونەتەوە ماڵەوە، بەڵام تائێستا بەفەرمی لەحکومەت نەکشاوینەتەوە، هەر کاتێکیش گەیشتینە ئەو بڕوایە، کە ببینە ئۆپۆزسیون، ئەو کاتە قسەی خۆمان دەبێت”.
جەعفەر خەیات هیواشی خواست، ئاشتەوایی نیشتمانی، پێکەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە و ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان بڕەخسێنرێت.