نوچەنێت
پارێزگاری کەرکوک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی پارێزگاکە رایدەگەیەنێت، هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بەشداری گشتپرسی دەکەن. دەشڵێت “ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجومەنی پارێزگا کردووە دەنگ لەسەر ئەوە بدات، کە لە کەرکوکیش گشتپرسی ئەنجامبدرێت”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-8-2017،نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک، لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند “مافی پێکهاتەکانی کەرکوک لە گشتپرسیدا ئەوەیە، کە ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و دڵنیابکرێنەوە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوازییەوە، هاوکات دابینکردنی مافەکانیان لە داهاتوودا، بۆ ئەوەی بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بەشێوەیەکی دیموکراتی رای خۆیان بدەن بەرامبەر بە هەر پرسێک”.
پارێزگاری کەرکوک، سەبارەت بە خستنەکاری پرسی بەشداری کەرکوک لە گشتپرسی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت گوتی “ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئەنجومەنی پارێزگا کردووە دەنگ لەسەر ئەوە بدات، کە لە کەرکوکیش گشتپرسی ئەنجامبدرێت”.
نەجمەدین کەریم دەشڵێت “گشتپرسی لە کەرکوک بۆ چوونە پاڵ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام بۆ چوونە پاڵ هەرێمی کوردستان یان دەوڵەتی کوردستان لە داهاتوودا، دەبێت دوای ئەنجامدانی گشتپرسی رای رۆڵەکانی کەرکوک لەو بارەیەوە وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا تەنیا بەشدارییە لە گشتپرسی نە زیاتر و نە کەمتر”.