نوچەنێت
نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تورکیا رایدەگەیەنێت، وەک یەکێتی پێویستە لەڕووی ئەمنییەوە ئەو ناوچەیە وای لێنەیێت، کە ببێتە تەراتێن و هەموو لایەک بە کەیفی خۆی بێت و بچێت بەبێ ئەوەی حیساب بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
دوێنی چوارشممە 23-8-2017، لەکاتێکدا شاندی یەکێتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەولێر لە کۆبوونەوەدا بوون، حکومەتی تورکیا، بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وڵاتەکەی دەرکرد.
بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تورکیا، دوای گەیشتنەوەی بە سلێمانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24-8-2017، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی ناردنەوەی ئەنجامدا و هۆکاری داخستنی نوسینگەی نوێنەرایەتی حزبەکەی لە ئەنقەرە راگەیاند.
بەهرۆز گەڵاڵی، کە 17 ساڵە نوێنەری یەکێتییە لە ئەنقەرە رایگەیاند: من لە تورکیا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نوێنەری جەنابی مام جەلال بووم، ماوەیەکی زۆر لەوێ ئیشوکاری باشمان کردووە”.
گەڵاڵی دەڵێت، لەو 17 ساڵەدا چەندینجار “ئەزمەی سیاسی زۆر گەورە” هاتووەتە پێشەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا، بەڵام هیچ کاتێک بەو شێوەیە نەبووە رێکاری لەو شێوەیە لە بەرامبەر نوێنەری یەکێتی یان لایەنێکی دیکە بگیرێتەبەر.
لەبارەی هۆکاری دەرکردنی لە ئەنقەرە، گەڵاڵی گوتی “لە ماوەی رابردوو ئەزمەیەکی سیاسی لە سلێمانی دوستبوو، کە هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نەبوو، بەڵکو زیاتر هەڵەی خۆیان بوو. ئەوە بوو پێش چەند رۆژێک لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئاگادارکرامەوە لەسەر هەبوونی رووداوێک لە سنووری ناوچەی یەکێتی، نیگەرانی خۆیان لەبەرامبەر ئەو سیاستە پیشاندا، کە لە دامودەزگا ئەمنییەکاندا هەیە، ئەوەش گەیشتە ئەو ئاستەی ئۆفیسەکەی یەکێتی لە ئەنقەرە دابخرێت و داواشیان لێکردم لە ماوەی سێ رۆژدا نوسینگەی یەکێتی دابخەین”.
لەبارەی وەڵامی بۆ نیگەرانییەکی تورکیا، بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت “ئەگەرچی پێمان گوتن لە پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکان زۆر جار شتی وا روودەدات، کاتی خۆیشی لە 2003 کاتێک، کە سەربازەکانیان لێرە بوون، سوپای ئەمریکی هاتوون و دابەزینە سەریان، بەڵام ئەوکات بە حیکمەتی جەنابی مام جەلال و هەموو لایەک توانرا کێشەکە بەشێوەیەکی زۆر هێمنانە چارەسەر بکرێت. لەنێوان دەوڵەتانیش زۆرجار شتی وا روویداوە، بەڵام زۆر دەوڵەت هەیە بەشێوەیەکی زۆر هێمن و بە رێگەیەکی دیپلۆماسییانە کێشەکان چارەسەر دەکات، بەڵام ئەمجارە بەداخەوە تورکەکان بەشێوەیەکی زۆر دیپلۆماسی وشک کارەکەیان ئەنجامدا”.
بەهرۆز گەڵاڵی ئاماژە بەوە دەکات، کە یەکێتی “هەردەم خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خۆیەتی، هەڵوێستەکانی دیارن، هەمیشە باجی هەڵوێستەکانی خۆی داوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دیارە ئێمەش لە سنووری ناوچەی خۆمان، وەک یەکێتی پێویستە لەڕووی ئەمنییەوە ئەو ناوچەیە وای لێنەیێت، کە ببێتە تەراتێن و هەموو لایەک بە کەیفی خۆی بێت و بچێت بەبێ ئەوەی حیساب بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت”.
نوێنەرەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنقەرە دەشڵێت “ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن چ لەلایەن حکومەتان و چ لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی دیکە زیان بەو ناوچەیەی ئێمە دەگەیێنێت”.
بەهرۆز گەڵاڵی راشیگەیاند، “داوایان لێکردم تاوەکو ئەو کێشە چارەسەر دەبێت، نوسینگەکەمان دابخەین و خۆشم لەگەڵ ماڵ و منداڵم بگەڕێمەوە”.