بارزانی بۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا: دەكرێ لەگەڵ عێراق وەك دوو جیرانی باش بین

0

نوچەنێت

ڕۆژی چوارشەممە 23ـ 8ـ2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد رایگەیاند، بڕیاری گەلی كوردستان مافێكی دیموكراتییە و هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ناسەقامگیری. دەشڵێت “دەكرێ وەك دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكتردا بژیین”.

بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سڵاوی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لەبەرانبەر تیرۆریستان لە سەرۆك بارزانی كرد و لە وتەیەكدا باسی لەو دۆستایەتی و پەیوەندییە باشە كرد كە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە وپەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆم جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لە ئێش و ئازارەكانی دەگات بەڵام وای بۆ دەچێ كە ڕیفراندۆم لەو كاتەدا ڕەنگە كێشەی لێ بكەوێتەوە و سەقامگیریی ناوچەكە بشێوێنێ و نیگەرانییەكانی توركیای لەو بارەیەوە بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەشدار بێت لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی، سوپاسی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی توركیا بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی، لە گفتگۆیەكی ڕاشكاوانەدا ئەو هۆكارانەی شی كردەوە، كە وای لە گەلی كوردستان كردووە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بدات. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی پڕ لە نەهامەتی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەوەی دووپات كردەوە، كە وێڕای بوونی زوڵم و ئەنفال و جینۆساید گەلی كوردستان، بڕیاری دا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوە و لە دوای 2003 هەموو هەوڵی خۆی دا، كە عێراقێكی تازە لەسەر بنەمای شەراكەت و دەستوور و تەوافوق دابمەزرێت، بەڵام شەراكەت و دەستوور و تەوافوق پێشێل كرا و دواجار گەلی كوردستان لە دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و نایەوێ بە هیچ شێوەیەك ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە و گەلی كوردستانیش بەرپرس نەبووە لەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە بەڵكو سیاسەت و هەلە حكومەتەكانی عێراق هۆكارن.

سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند، كە بڕیاری گەلی كوردستان مافێكی دیموكراتی و ئاشتیانە و سرووشتییە  و هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ناسەقامگیری و شەڕ و بۆ ئەوە دەبێت، كە مادام شەراكەت شكستی هێنا دەكرێ وەك دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكتردا بژیین. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە، كە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو پێشانی داوە كە كوردستان فاكتەری سەقامگیرییە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە لە بۆ گەلی كوردستان گرنگە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بڕیاریان دا، كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com