نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، خاڵەکانی ناو پاکێجەکەی پارتی رەتدانەوەی خاڵەکانی ناو بەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕانە و دەشڵێت “ئەوەی پارتی دەیکات دانوستان نییە و مانۆڕێکی سیاسییە”.
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی داوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەبزووتنەوەی گۆڕان کرد، بۆ گەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو و کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوانیان، گۆڕان لە بەیاننامەیەکی پێنج خاڵیدا وەڵامی پارتی دایەوە، رۆژی دووشەممە 21-8-2017 وەفدێکی باڵای پارتی بەسەرپەرشتی فازل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە چوونە سلێمانی و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر کۆبوونەوە و پاکێچێکی شەش خاڵیان دایە گۆڕان بۆ چارەسەری کێشەکان.
خاڵەکانی پارتی بۆ گۆڕان: (ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان، کاراکردنەوە و ئاساییکردنەوەی کاری پەرلەمانی، پالپشتی بۆ پرۆسەی گشتپرسی، پاڵپشتی حکومەت بۆ باشترکردنی بژێوی و مووچەی خەڵک، زەمینەی لەبار بۆ هەڵبژاردنەکان بڕەخسێنرێت، هەموو لایەنەکان پاڵپشتی چاکسازییەکانی حکومەت بکەن).
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فایەق مستەفا رەسوڵ، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی گۆڕان، سەبارەت بە پاکێجە شەش خاڵەکەی پاتی و بەیاننامە پێنج خاڵیەکەی گۆڕان رایگەیاند: ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانرێت رێککەوتنێکی هاوبەش بکرێت لە نێوان ئەم دوو هێزە، بەڵام پارتی ئەوەی نیشاندا، کە ئیرادەی نییە بۆ چارەسەر کردن، چونکە خاڵەکانی ناو پاکێجەکەی پارتی رەتدانەوەی خاڵەکانی ناو بەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕانە و هیچ شتێکی نوێی تێدانەوبووە، هیچ هاتنە خوارەوەیەكیشی تێدا نەبووە، تا باس لە خاڵەکانی گۆڕانیش بکرێت و سازشی لەسەربکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان پێیوایە، ئەوەی پارتی دەیکات دانوستان نییە و مانۆڕێکی سیاسییە، دەیەوەێت رێخۆشکەربێت بۆ یەکێتی و یەکگرتوو، بۆئەوەی پەرلەمانی لەگەڵیان کارابکەنەوە، بۆ مەبەستی بەرژەوەندی حزبی و گوتیشی “پارتی دەیەوێت قەرەبووی یەکێتی و یەکگرتوو بکاتەوە، بۆئەوەی فشارەکانیان لەسەر کەم بکاتەوە بەوەی، کە بەڕای گشتی بڵێت، ئەوە ئێمە پەرلەمان کارا دەکەینەوە، بەڵام گۆڕان خۆی نەهات”.
سەبارەت بە ئامادەبوونی حزبەکەی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تر لەگەڵ پارتی دەڵێت “بە بەرچاوروونی پاکێجەکەی پارتی و خوێندنەوەمان بۆ خاڵەکانی ناوی پێویست بە کۆبوونەوەی تر ناکات، چونکە هەر کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت، تەنها بۆکات کوشتن و درێژەدانە بەو بارودۆخەی ئێستا”.