نوچەنێت
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم کۆتاییهات و لە كۆبوونەوەكەدا ناوەڕۆكی سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەمەڕ ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا و چەند بڕیارێکیش دراون.
راگەیێندراوی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم:
ڕۆژی چوارشەممە 23ـ 8ـ 2017 لە سەلاحەددین ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.
لە كۆبوونەوەكەدا ناوەڕۆكی سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەمەڕ ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا و دوای گوێگرتن لە ڕاپۆرت و دەرئەنجامی گفتوگۆكانی شاندنی دانوساندنكاری هەرێمی كوردستان حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و باڵیۆزخانەكان لە بەغدا، كۆبوونەوەكە بەو دەرئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:
یەكەم: كۆبوونەوەكە پێزانینی بۆ كار و ئەدای یەكگرتووی شاندی دانوساندنكار لە بەغدا هەبوو و جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوساندن لەگەڵ بەغدا كردەوە لەبارەی ڕیفراندۆم و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
دووەم: دروستكردنی كۆمیتە و ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم خێراتر بكرێت بۆ ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا و، ڕاگەیاندن و توانای حزبەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ڕیفراندۆم هەماهەنگ بن.
سێیەم: كۆبوونەوەكە پشتگیریی خۆی دووپاتكردەوە لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ باشتركردنی مووچە و باری گوزەرانی هاوڵاتیان.
چوارەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم وێڕای جەختكردنەوە لە مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس، تێگەییشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە لە بەرانبەر ڕیفراندۆم و ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت و گەلی كوردستان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆر دەمێنێتەوە و لە شەڕی تیرۆردا ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگی و گفتوگۆیە لەگەڵ هاوپەیماناندا.
پێنجەم: كۆبوونەوەكە بڕوای تەواوی بە شەراكەتی ڕاستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان هەیە و پشتگیریی هەموو جۆرە گەرەنتییەك دەكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.
شەشەم: پێكهێنان و ناردنی شاندی دانوساندنكار بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم.
حەفتەم: لە ماوەیەكی نزیكدا كۆنفڕانسێك بۆ نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان ساز بكرێت، لەسەر پڕەنسیپە دیموكراتییەكان و مافی چارەی خۆنووسین.
ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم
23ـ 8ـ 2017