نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، گشتپرسی هەرێمی کوردستان دژی خواستی هیچ پارچەیەك لە پارچەکانی کوردستان نییە و دەشڵێت “گوتاری زبر و دژ بەیەك خزمەت بە هیچ پارچەیەکی کوردستان ناکات”.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ میدیای پەكەكە لەبارەی گشتپرسییەوە، دوران كاڵكان، ئەندامی كۆنسەی كەجەكە رایگەیاندبوو “گشتپرسی باشووری كوردستان، وەك پڕوپاگەندەیەك دەستپێكرا، هەندێك لایەن كەوتنە ژێر كاریگەرییەوە، ویستیان بیكەنە پڕوپاگەندەیەك دژ بە ئێمە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس غەزالی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، لە وەڵامی قسەکانی ئەو ئەندامەی كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەبارەی گشتپرسی رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژوو خەباتمانکردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆمان، کە وڵاتێکی سەربەخۆیە، بەڵام لەوانەیە ئەوان گومانیان لەوەهەبێت، کە داوای رزگارکردنی کوردستانی گەرورە دەکەن، بۆیە بەم شێوەیە قسە لەسەر گشتپرسی دەکەن.
عەباس غەزالی باسی لەوەشکرد، کە نەتەوەی کورد بەبێ خواستی خۆی دابەشکراوە بەسەر چەند وڵاتێکدا و هەر لایەنێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەموو لایەنێکیش مافی ئەوەی هەیە پشتگیری لایەنەکانی دیکەی بکات، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەوان دژی خواستی هیچ پارچەیەك لە پارچەکانی گەلی کوردستان نین و گوتیشی “هیوادارین ئەوانەی، کە دژی سەر بەخۆیی و خواستی گەلی کوردستانن، لێدوان دژی گشتپرسی و سەربەخۆی نەدەن و بگەڕێنەوە بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان”.