نوچەنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پێکهاتەکانی كلد، ئاشووریی، كاكەیی و توركمانەکان رایگەیاند، گشتپرسی دواناخرێت و دەشڵێت “ئەوانەی باس لەوەدەکەن له بەرژەوەندیدا نييه گشتپرسى بكرێ، ئێمەش دەڵێین له بەرژەوەندی كورددا نييه دوابخرێت و نەکرێت”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “بڕيارى گشتپرسى بڕيارێكى بوێرانەبوو، زۆر مەترسيداره ئەگەر چاوەڕوانى بەغدا بكەين و گشتپرسى نەكەين، دەبێ کورد خۆی لەو دڵەڕاوکێیە لەگەڵ عێراق رزگار بکات”.
بارزانی گوتوویەتی “كورد بڕياری هاوبەشیدا لەگەڵ عێراقدا بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، بەڵام بەداخەوه هيچ گۆڕانکارییەک بەسەر عەقڵیەتی حوکمڕانی لە بەغدا نەهاتووە. باوەڕیشم وایە لە ئایندەدا پێمان دەڵێن بگەڕێنەوە بۆ سنووری هێڵی سەوزی سەردەمی حوکمڕانی سەودام حوسێن”.
بارزانى دەڵێت “حەز دەكەين بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا پرسەکان یەکلابکەینەوە، بۆئەوەی هەردوولامان ئیسراحەت بکەین، دەستوورى عێراقیش رێگەمان پێ دەدات بڕیاری جیابوونەوە بدەین”.
لەبارەی مامەڵەی بەغدا لەگەڵ کورد، بارزانى دەشڵێت “بەغدا هەرچى پارەى هەبوو به ئاگر و ئاسنى دا و له دژى كورد بەكاریهێنا. رێککەوتنمان هەبوو چەک و پارە بۆ پێشمەرگە دابینبکەن، بەڵام یەک فیشەکیان و دیناریان بە پێشمەرگە نەدا.. هیچ ئەزموونێک لەگەڵ بەغدا سەرکەوتوو نەبووە”.
سەبارەت بە بەشداری و رۆڵی پێکهاتەکانی دیکە لە کوردستان بارزانى رایگەیاندووە “داوای دەوڵەتێک بۆ هەموو پێکهاتەکان دەکەین لە کوردستان. ئێمە کە دەڵێین دەوڵەتی کوردستان، مەبەستمان لەوەیە دەوڵەتێک بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە. هەموو نەتەوەکان بەشداردەبن لە نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی کوردستان و هەموو شتێك دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوەکانی دیکە”.
بارزانى جەختیکردووەتەوە، بەهيچ شێوەيەك گشتپرسى كاريگەرى لەسەر شەڕى داعش نابێت. دەشڵێت “کورد فاکتەری ئاشتیییە لە ناوچەکە و دەبێ ئەو خوێنەی رژاوە بەرهەمی هەبێت”.
بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی “من خۆم کاندید ناکەمەوە و گەورەترین هەڵەی ژیانیشم ئەوەبوو بوومە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. دەبێ سیستەمێکی وادابنرێ بە هاتنی کەسێک و چوونی کەسێک خەڵک زەرەر نەکات”.