گوتەبێژی شاندی ریفراندۆم بۆ بەغدا ئەنجامی سەردانەکەی راگەیاند

0

نوچەنێت

گوتەبێژی شاندی ریفراندۆم بۆ بەغدا، ئەنجامی سەردانی شاندەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان راگەیاند و گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم وەڵامی پرۆژەی هاوپەیمانی شیعەکان دەدرێتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی شاندی ریفراندۆم بۆ بەغدا لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق، لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان و باڵیۆزانی وڵاتان لە بەغدا کرد.

پیرە ئاماژە بەوە دا، کە شاندەکە نوێنەرایەتی زۆربەی لایەنە کوردستانییەکانی کردووە و بۆ ئاگادارکردنەوەی لایەنە عێراقییەکان نەچووە، بەڵکو بۆ ئەوە چوو دیالۆگ لەگەڵ لایەنی عێراقی دەستپێبکات لەبارەی جیابوونەوە.

گوتەبێژی شاندی باڵای کۆمیتەی گشتپرسی بۆ بەغدا دەڵێت، لە گەڕی دووەمی کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعەکان)  لەگەڵ نۆ لایەنی نێو هاوپەیمانێتییەکە کۆبوونەتەوە، کە زۆرینەی حکومەت و پەرلەمان پێکدەهێنن. دەشڵێت “لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆیەکی دوور و درێژمان کرد لەسەر ئەو کەموکوڕیانەی هەن، لەسەر پێشێلکارییەکان، لەسەر ئەو گرەنتیەی نییە، جێبەجێنەکردنی ماددە دەستوورییەکان وەکو 140 و نەبوونی یاسا بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان، بە گشتی چەند بابەتێکمان هەڵبژارد وەکو پرۆژەیەک، ئەوان ئەو پرۆژەیە دەبەنەوە بۆ سەرکردایەتی خۆیان و ئێمەش ئەو پرۆژانەمان هێناوەتەوە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، کە رەنگە سبەی (چوارشەممە 22-8-2017) کۆببێتەوە و لەوێ بڕیاری کۆتایی دەدات”.

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو “جیا لەو لێدوانانەی لەسەر زاری د. رۆژ نووری شاوەیس، سەرۆکی شاندی باڵای کۆمیتەی ریفراندۆم و گوتەبێژی شاندەکە دراوە، هەر لێدوانێکی دیکە لە هەر بەرپرس و میدیایەک بڵاوکرابێتەوە، راست نییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com