
ناسک قادر: ڕه‌خنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە حکومه‌ت، بەگرێی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ساڵح چاوی لێدەکرا
نوچەنێت
ناسک قادر وتەبێژی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی سەرای ئازادی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی کوردستان، ئاشکرای دەکات، کاتی خۆپیشاندانەکان، رایدەگەیەنێت هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی بەرهەم ساڵح ، وەک گرێی نەوشیروان مستەفا بەرانبەر بەرهەم ساڵح چاوی لێکراوە، هۆکاری بە ئامانج نەگەشتنی خۆپیشاندانەکانیش، دەخاتە ئەستۆی سیاسەتی بزوتنەوەکە.
دوای ئەوە لە راگەیاندنەکان وا بڵاوکرایەوە، کە ئێواره‌ی پێنج شه‌ممه لەسلێمانی لەماڵی نەوشیروان مستەفا، هەریەک لە نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و د. به‌رهه‌م ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، كۆبونه‌تەوە
ناسك قادر خاوەنی ماسته‌ر له سۆسۆلۆژیا و ئەندام و وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی کاتی مه‌یدانی سەرای ئازادی سلێمانی، لەکاتی خۆپیشاندانەکان، لەبارەی سەردانەکەی بەرهەم ساڵحەوە بۆ لای نەوشیروان مستەفا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی”هاوڕێیان من له هه‌موتان زیاتر له‌و باوه‌ڕه‌دام له ڕووی به‌های هه‌واڵییه‌وه ئه‌م هه‌واڵه هیچ نییه باس بکرێت، سەردانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ لای ڕێکخه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام وه‌ک فلاش باکێک که بیرم له خرۆشانه جه‌ماوه‌ریه‌کای ساڵی پار کرده‌وه و به تایبه‌ت هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رامبه‌ر حکومه‌ته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح که ئاستی ڕه‌خنه‌ی دامه‌زراوه‌یی تێپه‌ڕاندبوو، تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک گرێیه‌کی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رامبه‌ر به به‌رهه‌م ساڵح چاوی لێده‌کرا ئه‌م سه‌ردانه ” دوور له چاوی میدیاکان” ی کرده شوێنی تێڕامان”.
ناسک ئاشکرای دەکات کە لە خۆپیشاندانەکاندا بزوتنەوەی گۆڕان، تەنها مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی بەرهەم ساڵح بووەو دەڵێت”ئه‌وانه‌ی له شه‌قام له‌گه‌ڵمان بووبن ده‌زانن لای ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوون، شتێک نه‌بوو گرنگتر له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح، له کاتێکدا ئێمه شه‌ڕی سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌قی خوێنی به ناهه‌ق ڕژاوی لاوانی ئه‌م شار و هه‌رێمه‌مان ده‌کرد و شه‌ڕی داواکارییه جه‌ماوه‌رییه‌کانمان ده‌کرد!!! کاتێک من ده‌مگوت “کێشه‌ی ئێمه نیه کێ حوکم ده‌کات به‌ڵکو چۆن حوکم ده‌کرێت” ئه‌وان سه‌رسه‌ختانه دژمان ده‌وه‌ستانه‌وه و ده‌یانویست خرۆشانه جه‌ماوه‌رییه‌که وه‌ک ئامڕازێک بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح به کار بهێنن، دیاره تاکی کورد و به تایبه‌ت ئه‌و گه‌نجانه‌ی جگه له سته‌مکاری ده‌سته‌ڵاتی کوردی و کلتوری حیزبگه‌رایی ئه‌زمونێکی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌یان نه‌بوو، بۆیه له ژێر کاریگه‌ری سیاسه‌ته‌که‌ی گۆڕاندا بوون به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌کان و چه‌نده‌ها جار ڕوو به ڕووی ته‌ڵه‌زگه‌ی زۆر گه‌وره ده‌بوینه‌وه”.
ناسک قادر هۆکاری شکستهێنانی خۆپیشاندانەکان و نەگەشتنە ئامانج بۆ ئەو سیاسەتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگێڕێتەوەو نوسیویەتی”بینیمان ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وته واته جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر حکومت له جیاتی شێوازی حوکمڕانێتی، ئه‌و بزوتنه‌وه جاماوه‌رییه‌ی به کوێ گه‌یاند، نه حکومه‌ته‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و نه زۆرێک له داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ر جێبه‌جێکران، ئاکامی قوربانی دانی خه‌ڵک به قازانجی کلتوره “سۆشیال عه‌شایه‌ره‌که‌ی” ده‌سته‌ڵاتدارانی شکست‌خواردووی هه‌رێم و ئۆپۆزسیۆنی هه‌لپه‌رست شکایه‌وه و هه‌ردوولا که‌وتنه سه‌ردانه کۆمه‌ڵایه‌تییه نا سیاسی و دانیشتنه بێمه‌غزا پوچه‌کانیان به به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تییان، ئه‌م گه‌مه کردنه‌ی گۆڕان به ئومێد و ئینتیمای لاوان بۆی و بێمنه‌تی و ناشه‌فافیات له دانیشتنه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو هێزه کوردی و عێراقیه گه‌نده‌ڵه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات، چونکه ئیدی گه‌نجان تێگه‌یشتوون و موحاسه‌به‌ی هه‌موو هێزێک به‌قه‌ده‌ر بانگه‌شه‌که‌ی ده‌که‌ن!!!!”.