نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی دەیەوێت کۆدنگی نیشتمانی دروستبکرێت و بە بەشداری هەموو لایەنەکان پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە و دەشڵێت “لە ئەگەری رێککەوتنمان لەگەڵ گۆڕان هیچ لایەنێك پەراوێز ناخەین”.
دوی دابڕانێکی زۆر و تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ دووشەممە 21-8-2017، شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە چووە سلێمانی و لەگەڵ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە. هاوکات بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاندبوو” ئەگەری لەگەڵ پارتی بگەنە ئەنجام، ئەوکاتە داوای رێككەوتنی سێ قۆڵی یان پێنج قۆڵی لە پارتی دەكەن”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، سەبارەت بە ئەگەری داواکردنی رێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەلایەن گۆڕانەوە لەگەڵ حزبەکەی رایگەیاند: پارتی دەیەوێت کۆدنگی نیشتمانی دروستبکرێت، بە بەشداری هەموو لایەنەکان پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە و هیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت، هەروەها لەنێوان بژاردەی رێککەوتنێکی دووقۆڵی یان سێ قۆڵی یان پێنج قۆڵی، پارتی رێککەوتنی پێنج قۆڵی هەڵدەبژێرێت و پێی گونجاوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حزبەکەی لەگەڵ گۆڕان فەرحان جەوهەر دەڵێت “کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەیەکی باشە و هەردوولامان پێویستیمان بەم کۆبوونەوەیە هەبوو، بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆبوونەوەکەیان بەلاوە باشە و دەیانەوێت بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و پەرلەمان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بە پێویستی دەزانێت، بەهەر شێوەیەك بێت لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم رێککەوتنێك بکرێت لەنێوان هەموو لایەنەکان و گوتیشی “پارتی دەستیکردوونەتەوە بۆ هەر بڕیارێك، کە بیدەن، بەڵام بەشێوەیەکی تەوافوق لەسەرکراو، نەك بەشێوەیەکی تاك لایەنە، خۆسەپاندن و ئیرادە فەرزکردن بێت”.