نوچەنێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان کە سەبارەت بە قسەکانی سوپاسالاری ئێران بڵاویکردبووەوە، رایدەگەیەنێت، هەمووان ئازادن کە قسەبکەن، هەڵوێستی ئێمە دەربارەی گشتپرسی و عێراق و سەروەریی خاکی عێراق روونە. قسەکانی سەرلەشکر باقریش ورد و بەجێ بوون و هیچ کێشەیەکیان نییە.
محەممەد حوسێن باقری، سوپاسالاری ئێران، هەفتەی رابردوو بە سەردانێکی چوار رۆژە لە ئەنقەرە بوو. لەوێ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای تورکی کۆبووەوە. ناوبراو دوای تەواوبوونی سەردانەکەی رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا باسی گشتپرسیی چاوەڕوانکراوی باشووری کوردستانی کردووە و گوتی “نابێ ئەو گشتپرسییە ئەنجامبدرێت”. وەزارەتی پێشمەرگەش وەڵامیدایەوە و قسەکانی باقریی رەتکردەوە و بە دەستتێوەردان لە کاروباری کوردستان لەقەڵەمیدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سوپاسالاری ئێران لە تورکیا رایگەیاند: “سەفەرێکی بێوێنە بوو، چونکە 40 ساڵ دەبێ لەو ئاستەدا پەیوەندیمان نەبووە و سەردانەکەش لەسەر بانگهێشتی سوپاسالاری تورکیا بوو”.
بەگوتەی قاسم بەهرامی “پێشوازیکردنەکە زۆر باش بووە و دانوستاندنی زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە کراون و دیدارێکی ئەرێنی و بونیاتنەریش لەنێوان سوپاسالاری ئێران و سەرۆککۆماری تورکیادا هەبووە”.
بەهرامی دەربارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سوپاسالاری ئێران و بەرپرسانی تورکی گوتی “دەبێ کەمتر لەوبارەیەوە قسەبکەین و لەئایندەدا دەبینین، کە چ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان و لەسەر ناوچەکەش هەیە”.