نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە رەزامەندیی دابێتە ئەمریکییەکان بۆ دواخستنی گشتپرسی. دەشڵێت “رەنگە لەو هەلومەرجەی ئێستادا و بەو گوشارانەی هەن بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ شەریک بمێنینەوە”.
بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای سعودی(عکاظ)، سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمدواییەی لەگەڵ رێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند “رەزامەندیمان لەسەر دواخستنی گشتپرسی نەداوە، بەڵام رازی بووم بەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکرێت، بۆئەوەی دانوستاندن لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بکرێتەوە، کە ئایندەیەکی باشتر بۆ هەردوولا دەستەبەربکات”.
سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی گشتپرسیش، بارزانی دەڵێت “ئەمە بە هیچ شێوەیەک روونادات”. هەروەها “رەنگە لەو هەلومەرجەی ئێستادا و بەو گوشارانەی هەن بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ شەریک بمێنینەوە، بەڵام تا ئەوکاتەی سیاسەتی بەغدا بەرامبەر کوردستان نەگۆڕێت و مافە بنەڕەتییەکانمان رەتبکرێنەوە، ئەو شەراکەتەش شکستدەهێنێ”.
بارزانی باسی پەیوەندییەکانی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و گوتی “دەمانەوێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش بێت. ناشمانەوێ هیچ لایەک دەستتێوەردان لە کاری ئەوی دیکەدا بکات. بەڵام دووپاتیدەکەمەوە، کە ویسایەتی کەس لەسەر خۆمان قبوڵناکەین”.
دەربارەی جیاوازیی هەڵوێستی سلێمانی لەگەڵ هەولێر سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “سلێمانی بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە رەنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران وەکو پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ ئێران نەبن، بەڵام ئەوە چەسپاوە، کە سیاسەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە قبووڵنەکردنی دەستتێوەردان و ویسایەتی ئێرانی”.
دەربارەی مەترسی ئەوەش، کە ئێران هاوشێوەی هەریەکە لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن، دەست بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا بگرێت، بارزانی دەڵێت “بڕیاری ئێمە روونە، نامانەوێ لەگەڵ ئێران تووشی پێکدادان بین یان بکەوینە ململانێوە، بەڵام ئەو جۆرە جووڵانەوانە یان هەر جووڵانەوەیەکی دیکەی ئێرانی، ناتوانین رێگە بدەین بگاتە هەرێمی کوردستان. دەستتێوەردانی ئێران لە کاروباری هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی رەتکراوەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو دەستتێوەردانە لە پایتەختە عەرەبییەکاندا بەردەوام بێت، ئێمە ناهێڵین هەرێمی کوردستان بکەوێت”.
بارزانی ئاشکرایدەکات لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەردا هیچ پەیوەندییەک نییە “ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و کوێت هەمانە، لەگەڵ قەتەر نیمانە. زانیاریشمان لەسەر رەوشی قەتەر نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی گوێمان لێبووە و لە راگەیەندراوی چوار دەوڵەتە عەرەبییەکە تێگەیشتووین، قەتەر یارییەکی مەترسیدار و گەورەی کردووە”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەربارەی هەڵوێستی کوردستانیش سەبارەت بە ئیخوان موسلمین رایدەگەیەنێت “لە کوردستان رێکخراوی ئیخوان موسلمینمان نییە، بەڵام حزبمان هەن، کە لەگەڵیان هاوسۆزن. لە کوردستان سێ حزبی ئیسلامیمان هەیە (یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی). هەروەها هەندێک سەلەفیشمان هەن. ئەمانە رەتیدەکەنەوە رێکخراوی ئیخوانی بن و کارکردنیان لە چوارچێوەی خۆیدا قبووڵکراوە”.
بارزانی باسی هەڵوێستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کردووە سەبارەت بە گشتپرسی، کە بریتییە لە پشتیوانیکردن لێی. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە ئایا پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆرستییە، بارزانی دەڵێت “ئێمە بە تیرۆرستیان نازانین”.