تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی نه‌خێر نابین بۆ ریفراندۆم نه له ئێستا و نه له داهاتوو. ده‌شڵێت “ئومێد ده‌كه‌ین كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ربكرێن، چونكه خه‌ڵك ته‌واو ماندووه”.
ڕۆژی 7-6-2017 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و پێكهاته‌كانی كوردستان، (بێجگه له گۆڕان و كۆمه‌ڵ) بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی خه‌ڵكی كوردستان درا و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌ویه‌دا بڕیار درا، ڕۆژی 25-9-2017، وه‌ك ڕۆژی راپرسی و ریفراندۆم دیاری بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به مه‌رسومێكی هه‌ریمی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕا‌سپێردرا ئاماده‌كاری پێویست بۆ سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆمه‌كه بكات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، قاره‌مان قادر، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوی پارتی و گۆڕان و هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم ڕایگه‌یاند: پارتی و گۆڕان دوو هێزی كاریگه‌رن له هه‌رێمی كوردستان، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌م دوو هێزه له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه ڕیككه‌وتن به جۆرێك خه‌ڵكی كوردستان تێیدا سودمه‌ند بێت. ده‌شڵێت “پێش هه‌ر بابه‌تێك پێوسته پارتی و گۆڕان له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بگه‌نه رێككه‌وتن”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ناتواندرێت هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له كاتی خۆی دا ئه‌نجامبدرێت و په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌كه‌وێته بۆشایی یاساییه‌وه.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و ئه‌نجامدانی له كاتی خۆیدا قاره‌مان قادر گوتی، وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای دواخستنی ریفراندۆممان كردووه بۆ كاتێكی گونجاوتر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر له 25-9-2017 ئه‌نجامدرا، پێویسته له په‌رله‌مانه‌وه به یاسایی بكرێت و په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدات نه‌ك چه‌ند حزبێك بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
قاره‌مان قادر جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، کە به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی نه‌خێر نابین بۆ ریفراندۆم نه له ئیستا و نه له داهاتوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دواخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ین بۆ كاتێكی گونجاوتر، ناوبراو زیاتر دواو گوتی، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم به‌بێ یاسا و په‌رله‌مان بكرێت، من پرۆسه‌كه “بایكۆت” ده‌كه‌م، به‌ڵام ناڵێم نه‌خێر.