‌بارزانی: گەلی كورد ماندوو بووە لە ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە

0

نوچەنێت

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی بڵاودەكاتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، مه‌سعود بارزانی  سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی شەممە 19/8/2017 لە سەڵاحەدین، لەگەڵ د. سوڵتان ئەبو عرابی ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی و د. زیاد كوردی سەرۆكی زانكۆی ئەربد لە ئۆردۆن كۆبۆتەوە.

لەدرێژەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی ستایشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆر و دژایەتیكردنی زوڵم و چەوسانەوە و سەرسامیشی دەربڕی بە ئاستی بووژانەوە و پێشكەوتن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و هیوای ئەوەیشی خواستوە كە گەلی كوردستان لە مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

لەبەرامبەردا بارزانی رۆشنایی خستۆتە سەر هەڕەشەی تیرۆر لەئاستی جیهانی و شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و جەختی لەوەكردۆتەوە كەهێشتا ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر، وەك خۆی ماون و مەترسیی دەركەوتنەوەی هەڕەشەی هاوشێوەی داعش لە ئارادایەو بەپێویستیشی زانی لەپێناو نەهێشتنی تیرۆر كار لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بكرێت.

لەبارەی ریفراندۆمیش بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەقۆناغەكانی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە هەموو قۆناغەكاندا پڕەنسیپی شەراكەت پێشێل كراوەو گەلی كوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە.

دەقی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم:

ڕۆژی شەممە 19ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. سوڵتان ئەبو عرابی ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی و د. زیاد كوردی سەرۆكی زانكۆی ئەربد لە ئۆردۆن كرد.

لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆر و دژایەتیكردنی زوڵم و چەوسانەوە و سەرسامیشی دەربڕی بە ئاستی بووژانەوە و پێشكەوتن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان لە مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت. لە بەشێكی تری وتەكانیدا باسی لە گوزەرانی جالیەی كوردی لە وڵاتی ئۆردۆن و هەورەها كار و چالاكییەكانی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی و ئاستی پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی عەرەبی و زانكۆكانی كوردستان كرد.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ ئاستی باشی گوزەرانی كوردەكان لە شانشینی ئۆردۆن و هەروەها پەیوەندیی نێوان خۆی و شای ئۆردۆن و هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئۆردۆنی بە برایانە و دۆستانە وەسف كرد.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی جیهانی و شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر، وەك خۆی ماون و مەترسیی دەركەوتنەوەی هەڕەشەی هاوشێوەی داعش لە ئارادایە و بە پێویستیشی زانی لەپێناو نەهێشتنی تیرۆر كار لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بكرێت.

لەبارەی ڕیفراندۆمیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغەكانی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە هەموو قۆناغەكاندا پڕەنسیپی شەراكەت پێشێل كراوە و گەلی كوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com