کێ 132 ملیار دۆلار قەرزی عێراق دەداتەوە؟

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەداتە عێراق لەبارەی هەڵاوسانی قەرزەكانی و رایگەیاندووە، قەرزەكانی سەر عێراق تا ساڵی 2018 دەگاتە 132.4 ملیار دۆلاری ئەمەریكی. لە نێوان 2013 و 2022شدا دەگاتە 132.9 ملیار دۆلار، كە دەكاتە 63.8%ی كۆی داهاتی ناوخۆیی وڵاتەكە لەم ماوەیەدا.

بەگوێرەی نیشاندەرەكانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، كۆی دۆخی دارایی ئابووریی عێراق بەرەو خراپی دەچێ، كۆی قەرزەكانی عێراق تا ساڵی 2018 دەگاتە 132.4 ملیار دۆلاری ئەمەریكی.

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی هەڵسەنگاندن و شیكارییەكانی پسپۆرەكانیەوە لە پەراوێزی كۆتاییەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكاری، بۆ وتوێژ لەسەر ماددەی چوارەم لەگەڵ عێراق، سەرەڕای پەسندانی جێگیركردنی بودجەی تەواوكاریی وڵاتەكە بۆ ساڵی 2017، هەروەها بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی سكگوشی بۆ ساڵانی 2017 و 2018، تا وڵاتەكە بتوانێ دەست بە سنووری قەرزەكە بگرێ و لە ئاستی بەرگەگرتندا بیهێڵێتەوە، دووپاتیشیان كردووەتەوە، كە عێراق پێویستی بەوەیە نەختینەیەكی وا دەستەبەر بكات، بۆ پشتیوانی لە سەرمایەی مرۆیی و دووبارە بنیاتنانەوەی سەرمایە لە وڵاتەكە.

سندووقە نێودەوڵەتییەکە رایگەیاندووە، كە ئاستی ئابووری و دارایی حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی گشتی لاواز بووە لە بوارە سەرەكیەكاندا، ئێستەش گەیشتوونەتە لێكتری تێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی چەند راستكردنەوەیەكی پێویست لە سیستەمی ئابووریی وڵاتەكە.

حکومەتی عێراق دوای داعش بیر لەوە دەكاتەوە ناوچە وێرانبووەكانی ئاوەدان بكاتەوە و هەزاران خێزانی ئاوارە بگێڕێتەوە بۆ شوێنی ژیانیان. وڵاتێك كە هیوا لەسەر قەرزی زەبەلاح هەڵدەچنێ، رەنگە بتوانێ شارەكان بونیاد بنێتەوە، بەڵام دواجار كەڵەكەبوونی قەرز بە خراپی تێكیدەشكێنێتەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە “سەرقاڵی توێژینەوەیەكی وردە لەسەر قەرزەكانی عێراق و چارەنووسی وڵاتەكە، بەهۆی قەرزاربوونێكی مەترسیدارەوە”.‌ هەروەها دەڵێ كۆی قەرزەكانی عێراق تاوەكو ئێستا “گەیشتووەتە 111 ملیار و 725 ملیۆن دۆلار، بەڵام كێشە ئەوەیە كە هێشتا عێراق لە هەوڵی وەرگرتنی قەرزی دیكەدایە بۆ ئەوەی بتوانێ خەرجییەكانی شەڕ و موچەی فەرمانبەرانی هەڵبسوڕێنێ”. 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، عێراق پێش پرۆسەی ئازادیش قەرزی كردووە و 41 ملیار دۆلاری وڵاتانی كەنداوی لەلا بووە، بەڵام دەڵێت “قەرزە زۆرەكەی عێراق لە دوای ساڵی 2014ەوە كراوە، ئەوكات حكومەتی بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستانیشی بڕیبوو”.  گوتیشی: “51 ملیار دۆلاری دیكە لە نادی پاریس وەرگیرابوو، بەڵام نزیكەی 5 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لەو قەرزە ماوە و ئەوی دیكەی دراوەتەوە”. 

عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی دیكەی سروشتی، بەڵام لەو رۆژەوەی دروستكراوە زۆر كەم سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە. بەهۆی ئەوەشەوە هەمیشە داهاتە زۆرەكەی بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی بەكارهێناوە. لەلایەكی دیكەشەوە بەردەوام وێرانەی دوای جەنگەكانی ئاوەدانكردووەتەوە. هەرچەندە بەرپرسانی عێراق دوای رووخاندنی سەددام مزگێنی بونیادنانەوەی عێراقیان دا، بەڵام پێشتر لێكۆڵەری گشتی ئەمریكی بۆ كاروباری بونیاتنانەوەی عێراق رایگەیاندبوو، كە لەسەردەمی مالكیدا 6.6 ملیار دۆلاری عێراق بەهەدەر چووە و عێراق هیچ سوودێكی لە سندووقی گەشەپێدان نەبینیوە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانە ئابوورییەكەی. 

بەپێی قسەی ئەردەڵان نورەدەین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بێت، لایەنی ئەرێنیش هەیە لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 دا، چونكە هەرێمی كوردستان دەبێ شان بداتە بەر دانەوەی ملیاران دۆلار كە بەغدا قەرزی كردووە “ئەو قەرزانەی بەغدا تاوەكو پێش 2014 كردوونی، دەبێ هەرێمی كوردستان بەشداریی لە بژاردنەوەیدا بكات ئەگەر سەربەخۆییش رابگەیێنێ، چونكە تاوەكو پێش ئەو ساڵە 17%ی  بودجەی عێراقی وەرگرتووە”. 

عێراق بە یەكێك لە وڵاتە گەندەڵەكان دادەنرێت و بەپێی پێنوێنی گەندەڵی، لە پلەی 161ـەمین وڵات دێت لە كۆی 168 وڵات، زۆربوونی گەندەڵی بووەتە هۆكاری بەهەدەردانی سامانی عێراق، سوود وەرنەگرتن لە سامان بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان.  

بەپێی ئامارەكانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو، كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی عێراق 174 ملیار دۆلارە. رێژەی قەرزەكان لە كۆی بەرهەمی ناوخۆ 61%ـە، پێشبینی دەكرێت تاوەكوو كۆتایی ئەمساڵ قەرزەكانی عێراق بۆ 120 ملیار دۆلار زیاد بكات و لە ساڵی 2018 دا بگاتە 132 ملیار دۆلار. 

بەڵام كە ئەوە دۆخی ئابووریی عێراقە، وڵاتان چۆن هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی قەرزی دیكە بخەنە سەر خەرمانەی قەرزەكانی؟ ئەحمەد حاجی رەشید، هۆكارەكەی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە دەیانەوێ جگە لە وەرگرتنی نەوت بە نرخێكی هەرزانتر، كۆمپانیاكانیشیان دەستیان لە پرۆژە و ئاواكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكانی عێراق گیرببێ. 

بەهۆی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە لەساڵی 2003 تا 2014، هەرێمی كوردستان 40 ملیار دۆلاری لە قەرزەكانی عێراق بەردەكەوێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بەشێک لەو قەرزە بداتەوە؟

 ئەردەڵان نورەدین پێیوایە “حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار نییە بچێتە ژێرباری بژاردنەوەی یەك دیناری قەرز، كە لەدوای ساڵی 2014 كرابێ”. دەشڵێت دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو وڵاتانە بكاتەوە، كە قەرز دەدەنە عێراق، ئەو ناچێتە ژێرباری بژاردنەوەی قەرز، چونكە هیچی وەرنەگرتووە”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com