نوچەنێت- کەیهانی لەندەن
سەردانی ژمارەیەک لە سەرکردە شیعەکانی عێراق بۆ سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، نیگەرانی کۆماری ئیسلامی بەدوادا هاتووە.
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، کە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەری بەرچاوە لە عێراق، لە ماوەی رابردوودا سەردانی سعودیەی کرد. سەدر لە جەدە لە لایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جینشینی سعودیە، پێشوازی لێکرا. گوتەبێژی موقتەدا سەدر، ئەم دیدارەی بە “گەلێک ئەرێنی و پڕ دەستکەوت” وەسف کرد.
سەدر لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ سعودیە، ئەم وڵاتەی وەک باوکێکی بەهێزی گەلانی عەرەبی وەسف کرد، کە لە پێناو ئاشتی لە ناوچەکە تێدەکۆشێت. رابەری رەوتی سەدر بە ئاماژەدان بە دیدارەکەی لە گەڵ محەممەد بن سلەمان گوتی “روانگەی من و شازادەی جێنشینی سعودیە، یەک بوون هەر چەند پێشتر روانگەی سەدر و لایەنگرانی زیاتر لە کۆماری ئیسلامییەوە نزیک بوو”.
سەدر لە کاتی گەڕانەوەی لە سعودیە رایگەیاند، کە ئەم وڵاتە بە نیازە پاکێجێکی یارمەتی 10 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە عێراق بکات. سعودیەش رایگەیاندووە، کە بەم زووانە لە نەجەف کونسوڵخانەی خۆی دەکاتەوە و لە پڕۆژە ئابووریەکانی باشوری عێراق سەرمایەکانی وەگەڕ دەخات.
سەدر، کە دوای 11 ساڵ سەردانی سعودیەی کرد، لە جەدەوە سەدرانی ئیماراتی کرد. لە ئیمارات لە لایەن محەممەد بن زاید، فەڕمانرەوی ئیمارات و عەبدولڵا بن زاید، وەزیری دەرەوە پێشوازی لێکراو. لە ئیمارات، سەدر لە گەڵ ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە و لەوانە کۆمەڵێک لە کەسایەتییە ئایینیەکان کۆبووەوە.
سەدر ئامانج لەم سەردانەی بۆ ئیمارات، گەڕاندۆتەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی شیعە و سوننە. سەدر لە ماوەی رابردوودا بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر فیرقەگەرایی لە عێراق. سەدر هاوکات لە سەروبەندی سەردانەکەی بۆ سعودیە و ئیمارات، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بوو، کە لە رووی سەربازی، سیاسی و داراییەوە لە لایەن ئێڕانەوە پشتگیری دەکرێت. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاییزی ساڵی رابردوو، حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزی یەدەکی سوپا و پۆلیسی ئەم وڵاتە ناساند و بارێکی یاسایی پێبەخشی.
سەدر هەروەها رایگەیاند، کە دوای تێکشکانی یەکجاری داعش لە عێراق، هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە رەوتی سەدر، کە بە ناوی «سرایا اسلام» دەناسرێتەوە، هەڵدەوەشێنێتەوە و داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات، کە بکرێت بە بەشێک لە سوپای ئەم وڵاتە.
ناکۆکی نێوان رەوتی سەدر و کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنها لە سەر حەشدی شەعبی نییە. موقتەدا سەدر هەر لە سەرەتای شەڕی سوریاوە نە تەنها دژایەتی خۆی لە گەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ئاشکرا کرد، بەڵکوو تەنها سەرکردەیەکی شیعەیە، کە چەندین جار داوای کردووە ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە.
سەدر تەنها کەسایەتییەکی شیعە نییە، کە لە تاران دوور کەوتۆتەوە. دوای سەدر، عەمارحەکیم، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای عێراق، سەردانێکی سعودیەی کرد. عەمار حەکیم، 24ی جولای دەستی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای عێراق هەڵگرت و رێکخراویکی نوێی لە ژێر ناوی حزبی نەتەوەیی حیکمەت دامەزراند. عەمار حەکیم لە 2009، دوای کۆچی دوایی عەبدولعەزیزی باوکی، وەک سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردرا. ئەم ئەنجومەنە ساڵی 1982 بە ئامانجی خستنی رژێمی سەدام حسێن، لە ئێران پێکهات و هەر لە سەرەتاوە بنەماڵەی حەکیم سەرۆکایەتی کردووە.
عەمار حەکیم، لە ماوەی رابردوودا توانی قەناعەتی لای ژمارەیەک لە هێزی سیاسییەکانی عێراق دروست بکات، کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، لە گەڵ حزبەکەی هاوپەیمانی پێکبهێنن و رێگە نادەن دەوڵەت بۆ جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ژێر پشتیوان و بەستراوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران پێکبهێنرێت. تاکوو ئێستا ئەو هێزانەی، کە وەڵامی ئەرێنیان بەم داوایەی حەکیم داوەتەوە، بریتین لە فراکسیۆنی پەرلمانی «الموطن»، حزبی «تجمعالامل» و «حرکت ترکمانی وفا».
ئێرانی بە جددی نیگەرانە
لەو رێکخراوەی نوێیەی، کە لە لایەن حەکیمەوە دامەزراوە، شوێنەوارێک لە پاشگری ئیسلامی نابیندرێت. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئەم بڕیارەی حەکیم، وەک ئاماژەیەک بۆ دوور کەوتنەوەی ئەنجومەنی باڵا، لە ئێران دەبینن. حزبە نوێیەکەی عەمار حەکیم، بە دروشـمی هاوکاری لە جیاتی دژایەتی، ئاوەدانکردنەوە بە بێ فیرقەگەرایی و میانەڕەوی لە جیاتی توندڕەوی، پێی ناوەتە گۆڕەپانی سیاسی عێراقەوە.
ئیرەج مەسجدی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای قودس و باڵوێزی ئێستای ئێران لە بەغدا، لە هەوڵدایە سەردانەکانی سەدر و حەکیم بۆ سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە کەم و بێ بایەخ نیشان بدات. مەسجدی لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی مێهری ئێرانی دەڵێت: پەیوەندی شیعەکانی عێراق بە کۆماری ئیسلامییەوە، پەیوەندییەکی جددی و ستراتیژییە و ئەم سەردانانە نابێ بە نزیک بوونەوە لە ئەمریکا و سعودیە و دوور کەوتنەوە لە ئێران لێک بدرێتەوە.
ئەم فەرمادەی سوپای پاسداران، نە تەنها هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بە داواکایەکی نامەنتقی لێک دەداتەوە، بەڵکوو پێی وایە، کە دەبێ ئەم هێزە بەهێزتر، یاسایی تر و پۆشتە و پەرداخ تر بکرێت. مەسجدی، حەشدی شەعبی لە گەڵ هێزەکانی بەسیجی ئێران و سوپای ئەم وڵاتە، بەراورد دەکات و دەشڵێت، بوونی ئەم هێزە لە ژێر کاریگەری ئێران، شانازییەکی گەورەیە.