نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی رایدەگەیەنێت، مەرج نییە کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها بۆ گشتپرسی و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بێت، بەڵکو چەندین پرسی گرینگ هەیە پەرلەمان کاری لەسەر بکات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەماوەی رابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیدا دواکاتی دانابوو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، کە 10ی ئەم مانگە بوو، نەک هەر ئەوکاتە نەتوانرا، بەڵکو دوای تێپەرینی زیاتر لە هەفتەیەك کارانەکرایەوە، لەلایەکی دیکەوە کۆمیتەی گشتپرسی ماوەی دوو هەفتەی دانا بۆ کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەسەرداوای یەکێتی دوو رۆژ درێژکرایەوە بۆئەو ماوەیە، بەڵام تائێستا پەرلەمان وەکو خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مهسیفى، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی سەوز، لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە پابەند نەبوونی لایەنەکان بە کاتی دیاریکراو، لەلایەن حزبەکەیەوە بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند: یەکێتی دەزانێت هێشا کێشە سیاسییەکان بەرەو چارەسەر نەچوون و ئەو قەناعەتەش لای بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی درووست نەبووە، کە پێکەوە بەهەمان شێوەی لایەنەکانی دیکە بەشداری بکەن لە کۆمیتەی گشتپرسی، بۆیە یەکێتی نێوەندگیری کردووە و ویستوویەتی کەشێکی سیاسی ئارامتر بێنێتە پێشەوە، کە ئەوەش روویداوە.
سەعید مهسیفى گوتیشی “پارتی دیموکراتی کوردستان، وازی لەمەرجەکانی خۆی هێناوە و ئەوەی یەکێتی پێی گوتووە هەمووی جێبەجێکراوە و گۆڕانیش نەرمتربووە، ناکرێت یەکێتی لەو بارودۆخە توندە، تائێرەی هێناوە پەلە بکات، بۆیە کاراکردنەوەی پەرلەمان مەرج نییە تەنها 10ی مانگ بووبێت، گرینگ ئەوەیە لەوماوەیەی، کە ماوە بۆ ئەنجامدانی گستپرسی و هەڵبژاردنەکان بگەینە رێککەوتن”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی دەڵێت “مەرج نییە کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها بۆ پرسی گشتپرسی و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بێت، بەڵکو چەندین پرسی گرینگ هەیە پەرلەمان کاری لەسەر بکات، لەسەرووی هەمووشیانەوە چاککردنی بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستانە”.
سەبارەت بەو سیناریۆیەی باس لەوە دەکات، کە پارتی، یەکێتی و یەکگرتوو، پێکەوە پەرلەمان کارابکەنەوە، سەعید مهسیفى دەڵێت “تائێستا ئەو پرسە لەناو فراکسیۆن باس نەکراوە، بەڵام پێم باشە سەرجەم فراکسیۆنەکان لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان پێکەوە دابنیشین و ئەو بارودۆخە سیاسییەی، کە پەرلەمانی لەسەر پەکخراوە یەکلا بکرێتەوە”.